وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: ئەگەر ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت هێرشی دەکەینەوە سەر

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هەر کاتێک پێویست بکات بۆ لەنێوبردنی بنکە ئەتۆمی و پڕۆگرامی مووشەکی ئێران، هێرش دەکەنەوە سەر ئەو وڵاتە.

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا ڕاشیگەیاند "نابێت ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت و ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، ئەگەر بزانن مەترسی پیتاندنی یۆرانیۆم هێشتا لەو وڵاتە هەیە، ئیسرائیل ئامادەیە جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەری."

ئاشکراشیکرد؛ لەسەرەتای هێرشکەوە نەیاندەزانی ئەمەریکاش بەشداری ئۆپراسیۆنەکانیان بۆسەر ئێران دەکات.

درەنگانی شەوی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال ڕایگەیاند، ئیسرائیل و ئێران لە یەک کاتدا داوای ئاشتییان کردووە، ئێستا کاتی ئاشتییە و جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست براوەی ڕاستەقینەی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیلن.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر  تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندن باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment