بەرپرسێکی ئەمەریکایی: واشنتن دەیەوێت سووریا پەیوەندی بە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمییەوە بکات

بەرپرسێکی ئەمەریکایی ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ چەند پرسێکی گرنگی لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە.

ئەو بەرپرسە بەڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل ڕایگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا، بە پلەی یەکەم باس لە شەڕی غەززە و ململانێ لەگەڵ ئێران و هەوڵەکانی لێک نزیکبوونەوەی سووریا و ئیسرائیل دەکات.

هەروەها جەختی لەسەر خواستی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کۆتایی هێنانی شەڕی غەززە و ئازاد کردنی ئەو بارمتانەی ماونەتەوە، کردەوە. ئاماژەی بەوەش دا، سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵ دەدات کۆبوونەوەکە وەک دەرفەت بەکار بهێنێت، وەک بەرەوپێشچوونی دەستکەوتی سەربازی لە ئێران لە قەڵەم دەدات. 

باسی لەوەش کرد، سووریاش گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، چونکە ئیدارەی ترەمپ هەوڵ دەدات ئاسانکاری بکات بۆ نزیکبوونەوەی لەگەڵ ئیسرائیل دوای هەڵگرتنی ئەو سزایانەی بەسەر سووریا سەپێنراون بە ئامانجی "ژیانی ئاشتی لەگەڵ دراوسێکانی."

لای خۆیانەوە چەند بەرپرسێکی ئەمەریکایی ڕوونیان کردەوە، واشنتن دەیەوێت سووریا پەیوەندی بە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمییەوە بکات، بەڵام دان بەوەدا دەنێت، ئەمە کاتێکی زیاتری دەوێت. گوتیشیان: ترەمپ، دووشەممەی داهاتوو لە کۆشکی سپی میوانداریی ناتانیاهۆ دەکات بۆ دانوستان.

ئەم سەردانە لەکاتێکدایە، سەرۆکی ئەمەریکا دەستی کردووە بە چڕکردنەوەی فشارەکان لەسەر حکوومەتی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و گەڕاندنەوەی بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە.

سەردانەکەی نەتانیاهۆ، هەروەها دوای سەردانەکەی ڕۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیجی ئیسرائیل بۆ واشتن دێت لەم هەفتەیەدا  و وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی باڵا ئەمەریکا سەبارەت بە ئاگربەستی غەززە و ئێران و چەند پرسێکی دیکە.

ترەمپ، لە لێدوانەکانید ئاماژەی بەوە کردووە، سەرنجی خۆی دەخاتە سەر کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، ئەمەش دوای ئەو ئاگربەستەی کە هەفتەیەک لەمەوبەر کۆتایی بە جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران هێنا.

هەروەها ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "پێمان وایە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا ئاگربەستمان لە غەززە دەبێت" بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دیکەی نەخستەڕوو.

کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی دوێنێ دووشەممە، ڕایگەیاند "ترەمپ و بەرپرسانی ئیدارەی ئیسرائیل لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ سەرکردایەتیی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەش کرد، کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە غەززە "ئەولەویەتە بۆ ترەمپ". 

لیڤیت گوتیشی: سەرۆکی ئەمەریکا دەیەوێت ژیانی خەڵک ڕزگار بکات.

لە ماوەی جەنگی 12 ڕۆژەدا، ئەمەریکا هێرشی کردە سەر هەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران، فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان، ئەمەش وەک پشتیوانییەک لە ئیسرائیل.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment