بەقایی: داوای هیچ دیدارێکمان لە ئەمەریکاییەکان نەکردووە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: لە لایەن ئێمەوە هیچ داخوازییەکی گفتوگۆ نەدراوەتە ئەمەریکاییەکان.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی تەممووز، 2025، لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی هەفتانەدا، وەڵامی سەرۆکی ئەمەریکای دایەوە و گوتی: ئەو قسانەی ترەمپ ڕەت دەکەینەوە و لە لایەن ئێمەوە هیچ داخوازییەکی لەو جۆرە نەدراوەتە ئەمەریکاییەکان.
شەوی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە میانەی دیداری لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، لە کۆشکی سپی، گوتی: ئێرانییەکان دەیانەوێ گفتوگۆمان لەگەڵ بکەن، ئێمەش کاتێک بۆ ئەو گفتوگۆیە دیاری دەکەین.
ترەمپ، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتبووی: ئێمە دەمانەوێ ئێران لە چەکی ئەتۆمی دابماڵین. بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانمان بە تەواوەتی وێران کردووە.
نوێنەری ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "بە زووترین کات گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئێران دەست پێ دەکەین."
تاوەکوو ئێستا پێنج گەڕی دانوستانی ناڕاستەخۆ لە نێوان ئێران و ئەمەریکا لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بەڕێوەچووە، بەڵام بەهۆی نەگەیشتنە ڕێککەوتن بەر لە بەڕێوەچوونی گەڕی شەشەمی دانوستان، ئیسرائیل لە 13ی مانگی ڕابردوو هێرشی کردە سەر ئێران و جەنگێکی 12 ڕۆژە لە نێوانیان هەڵگیرسا.