ئەمەریکا هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکانی دەریای سوور ئیدانە دەکات

ئەمەریکا بە توندی ئیدانەی دوایین هێرشی حووسییەکانی کرد بۆ سەر دوو کەشتی بارهەڵگری مەدەنی لە دەریای سوور کە بەهۆیەوە سێ دەریاوان کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون و لە ئەنجامدا کەشتییەکیش بە تەواوی لەناوچوو.

لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە بڵاو کراوەتەوە، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هێرشەکانی سەر ئێم ڤی ماجیک سیز و ئێم ڤی ئیتەرنیتی سی بە "هێرشی تیرۆریستی ئیستفزازی حووسییەکان" ناساند. 

بروس گوتی: ئەم هێرشانە هۆکارێک دەبن بۆ مەترسی بەردەوامی یاخیبووانی حووسییەکانی سەر بە ئێران لەسەر ئازادی کەشتیوانی و ئاسایشی ئابووری و دەریایی ناوچەکە دروستی دەکەن.

ڕاشیگەیاند "ئێمە بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی ئازادی کەشتیوانی و کەشتییە بازرگانییەکان لە هێرشە تیرۆریستییەکانی حووسییەکان، کە دەبێت هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئیدانە بکەن."

دوێنێ دووشەممە، دەسەڵاتی دەریایی بەریتانیا، لە بەیاننامەیەکدا، ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی تەمموزی 2025، ڕایگەیاند، لەلایەن چەکدارە حووسییەکانی یەمەنەوە بە پێنج مووشەکیی بالیستی هێرش کرایە سەر کەشتی ماجیک سیز بەو هۆیەوە دوو کەس کوژراون.

لە بەیاننامەکەی دەسەڵاتی دەرییای بەریتانیا  هاتووە؛ بە هۆی هێرشە مووشەکییەکانیی حووسییەکان کەشتیی 'ماجیک سیز'یش زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

دەسەڵاتی دەریایی بەریتانیا ڕاشیگەیاند "کەشتییەکە لە ژێر هێرشی بەردەوامی چەکدارە حووسییەکاندایە. هەروەها ئەمە دووەم کەشتییە لە دەریای سوور لە ماوەی نزیکەی 24 کاتژمێردا لەلایەن ئەو چەکدارانەوە بە ئامانج دەگیرێت."

لای خۆیەوە دەزگای ئەمنیی بەریتانی بەناوی AMBERY بڵاوی کردەوە، دوێنێ دووشەممە، هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگر کە ئاڵای لیبریای لەسەر بووە و  بەهۆیەوە دوو ئەندامی تیمی کەشتییەکە کوژران و دوو ئەندامی دیکەش بریندار بوون.

هانس کاکداک، یاریدەدەری وەزیری کرێکارانی کۆچبەری فلیپین ڕایگەیاند، ئەو کەشتییەی هێرش کراوەتە سەر کەشتیی "ئێم ئینترنیتی سیا" MV Eternity Sea بووە، هەروەها لە کۆی 22 ئەندامی تیمەکەی 21 کەسیان خەڵکی فلیپینن.

حووسییەکان کە گرووپێکی یاخیبووی یەمەنن و ئێران پاڵپشتییان دەکات، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023وە چەندان جار کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سووریان کردووەتە ئامانج و ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ  فەڵەستینییەکان لە  شەڕی غەززەدا، بەڵام بەرپرسانی ڕۆژئاوا جەختیان لەوە کردووەتەوە حووسییەکان هەموو ئەو کەشتییانەی کە تێدەپەڕن بەبێ جیاوازی و کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسرائیلەوە نییە دەکاتە ئامانج.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment