سوپای ئیسرائیل: ڕێگریمان لە مووشەکێک کرد لە یەمەنەوە ئاڕاستەمان کرابوو

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی تەمموزی 2025، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، حووسییەکانی یەمەن مووشەکێکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد، ئەمەش تەنیا چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی زنجیرەیەک هێرش بۆسەر ژێرخانی یەمەن کە سەر بە حووسییەکانە،
ڕاشیگەیاند "لە ڕێگەی سیستەمی بەرگرییەوە ڕێگرییان لە مووشەکەکە کردووە."
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، سوپای ئیسرائیل نووسیویەتی: "هێزی ئاسمانی سوپا ڕێگری لە مووشەکێک کرد کە لە یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە، بەو هۆیەوە زەنگی ئاگادارکەوە لە هەندێک ناوچەی ئەو وڵاتە لێدراوە".
درەنگانی شەوی یەکشەممە، 6ـی تەمموزی 2025، سوپای ئیسرائیل سێ بەندەری دەریایی و وێستگەیەکی کارەبای لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکانی یەمەن بۆمباران کرد.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێش بۆمباران کردنی ئەو بەندەر و وێستگەیە هۆشداری دابوو بە چۆڵکردنیان وەک ئامادەکارییەک بۆ بە ئامانجگرتنیان.
سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکانی حووسییەکان لە بەندەرەکانی حودەیدە، ڕەئس عیسا و سەلیف، هەروەها وێستگەی کارەبای ڕەئس ئەلکەسیب لە یەمەن.
لای خۆیەوە، میدیاکانی حووسی بڵاویانکردەوە، سوپای ئیسرائیل بەندەرەکانی حودەیدە و ڕەئس عیسا و سەلیف و هەروەها وێستگەی ناوەندیی کارەبای ڕەئس ئەلکەسیب لە شاری حودەیدە کردۆتە ئامانج.
لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حووسییەکانی یەمەن بەردەوام بە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکانی هاوپەیمانان وەک پاڵپشتییەک بۆ غەززەییەکانی فەڵەستین.