تێلێگراف: پوتن بە ئێرانییەکانی گوتووە مەرجەکانی ئەمەریکا قبوڵ بکەن

ڕۆژنامەی 'تێلێگراف'ـی بەریتانی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، ڤلادیمێر پوتن بە ئێرانی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەمەریکا قبوڵ بکات و پیتاندنی یۆرانیۆم بگەیەنێتە سفر.
ماڵپەڕی 'ئەکسیۆس'ـی ئەمەریکی ڕایگەیاندووە، سەرۆکی ڕووسیا بە سەرکردەکانی ئێران و دۆناڵد ترەمپی گوتووە، پشتگیریی ڕێککەوتنێک دەکات کە پیتاندنی یۆرانیۆم سفر بێت.
بەرپرسێکی ئەورووپی بە سەرچاوەکەی ڕاگەیاندووە،"پوتن پشتگیریی لە سفرکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات، هەروەها هانی ئێرانییەکانی داوە کە کار بۆ ئەوە بکەن، تاوەکوو کەشی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکییەکان لەبارتر بن. بەڵام ئێرانییەکان ڕەتیان کردووەتەوە."
پوتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کە هەفتەی ڕابردوو کردوویەتی، ئەم هەڵوێستەی خۆی پێگەیاندووە.
جگە لەوەش بەرپرسانی ڕووسیا کورتەیەکیان لە هەڵوێستی پوتن بە حکوومەتی ئیسرائیل ڕاگەیاندووە، کە بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل گوتوویەتی: "ئێمە دەزانین پوتن ئەم قسانەی بە ئێرانییەکان گوتووە".
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران ئەو قسانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاندووە، پوتن هیچ پەیامێکی بۆ ئێران لەم بارەیەوە نەناردووە.