هۆشیار زێباری: هێرشه درۆنییه‌كان هاوكاتن له‌گه‌ڵ پیاده‌كردنی سیاسه‌تی برسیكردنی هه‌رێمی كوردستان

ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه به‌وه ده‌كات، هێرشی درۆنی بۆ سه‌ر كێڵگه نه‌وتییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستدرێژییه‌كی ئاشكرایه له لایه‌ن هێزه ناده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه.
سێشه‌ممه، 15ـی ته‌ممووزی 2025، هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (ئێكس) گوتوویه‌تی، گرووپه چه‌كداره وه‌لائییه‌كان ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه هێرشی درۆنی ده‌كه‌نه سه‌ر كێڵگه و دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كان و هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی و زیانی ماددیان پێ گه‌یاندوون.
هۆشیار زێباری ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، ئه‌و هێرشانه هاوكاتن له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كانی بڕینی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و پیاده‌كردنی سیاسیه‌تی برسیكردنی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه، كه ئه‌مه‌ش دوژمنكاری و ده‌ستدرێژییه‌كی ڕوون و ئاشكرایه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن هێزه ناده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه.