بێئاوی بەرۆکی تارانییەکانی گرتووە

موحسین ئەردەکانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای تاران ڕایگەیاند: ئەگەر دانیشتووانی تاران لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاودا هاوکار نەبن، ناچار دەبین ماوەی پێدانی ئاو، کەم بکەینەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، موحسین ئەردەکانی، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێری ئابووریی ئاژانسی ئیلنا، سەبارەت بە ئەگەری بڕینی ئاو بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکانی تاران، گوتی: ئەگەر خەڵک بە ڕێژەی %20 کەمتر ئاو بەکار بهێنن، ئەوا دووچاری کەمئاوی نابین، بەڵام ئەگەر هەمان بڕی ئێستا ئاو بەکار بهێنن، ئەوا تووشی قەیرانی کەمئاوی دەبین و ناچارین ماوەی پێدان و بڕی ئاو، بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بکەینەوە.
ناوبراو هەروا گوتی: ئاگاداری ئەو کەسانە دەکەینەوە کە زیاتر لە دوو هێندەی ستانداردی دیاریکراو ئاو بەکار دەهێنن، بۆ ماوەی 24 کاتژمێر ئاوەکەیان دەبڕدرێت و نرخی پسوولەکانیان بە شێوەیەکی پلەبەندی زیاد دەکات.
ئەردەکانی، هەروا ڕایگەیاند "%6ی دانیشتووانی تاران لە لیستی زیادەڕەوانی بەکارهێنانی ئاو دان."
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای تاران، دەربارەی بڕینی ئاو لە هەندێک ناوچەی تاران، ڕایگەیاند "ئەو کەسانەی کە پەمپ و تانکیی ئاویان نییە و ماڵەکانیان لە نهۆمە بەرزەکاندایە، بە ئاسانی ئاو ناگاتە ماڵەکانیان. ئێمە ناچارین فشاری ئاو کەم بکەینەوە، بەڵام هێشتا بڕینی ئاوی بەرنامە بۆ داڕێژراومان جێبەجێ نەکردووە. لەمەودا پێویستە ئەو ماڵانە، پەمپ و تانکی ئاو، کە توانای هەڵگرتنی ئاوی پێویستی هەبێت بە بڕی 75 لیتر بۆ یەک کەس لە ڕۆژێکدا، دابین بکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای تاران، دەربارەی ئەگەری دابەزینی کوالیتیی ئاو بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکان، جەختی کردەوە "کوالیتیی ئاو زامن کراوە، چونکە پاڵاوگەکان تازەن و کولیتیی ئاوی خواردنەوە پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکانەوە نییە. هەرچەندێک ئاو هەبێت، بەپێی ستاندارد پاک دەکرێتەوە."