توركیا و ده وڵاتی عه‌ره‌بی: پشتیوانی له سەقامگیری، یەکگرتوویی و سەروەریی سووریا ده‌كه‌ین

وەزیرانی دەرەوەی ئیمارات، ئوردن، بەحرەین، تورکیا، سعوودیە، عێراق، عوممان، قەتەر، کوه‌یت، لوبنان و میسر ڕاگه‌یه‌نراوێكی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ سەقامگیری، یەکگرتوویی و سەروەری سووریا دووپات ده‌كه‌نه‌وه.
پێنجشه‌ممه، 17ـی ته‌ممووزی 2025، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات ڕایگه‌یاند، وەزیرانی دەرەوەی ئیمارات، ئوردن، بەحرەین، تورکیا، سعوودیە، عێراق، عوممان، قەتەر، کوه‌یت، لوبنان و میسر له ماوه‌ی دوو ڕۆژی ڕابردوودا له په‌یوه‌ندییه‌كی چڕدابوون له نزیكه‌وه چاودێریی ڕووداوه‌كانی پارێزگای سوه‌یدایان له سووریا كرد.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات گوتوویه‌تی، هه‌موو ئه‌و وڵاتانه له ڕاگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌شدا پشتیوانیی خۆیان بۆ سەقامگیری، یەکگرتوویی و سەروەریی سووریا و دووپات كرده‌وه و ڕایانگه‌یاندووه دژی هه‌ر جۆره ده‌ستوه‌ردانێكی ده‌ره‌كیین. هاوكات پێشوازییان له بڕیاره‌كه‌ی ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی سووریا كردووه بۆ لێپرسینه‌وه و سزادانی هه‌موو ئه‌وانه‌ی مافه‌كانی دانیشتووانی سوه‌یدایان پێشێل كردووه، هه‌روه‌ها سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی ئیسرائیلیان بۆ سه‌ر سووریا كردووه و به پێشێلكارییه‌كی ئاشكرای یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان له قه‌ڵه‌م داوه.
لە ڕۆژی یەکشەممەوە، 13ـی تەممووزی 2025ـوه، تاوه‌كوو شه‌وی ڕابردوو، چوارشه‌ممه 16ـی ته‌ممووز، شەڕ لە نێوان هێزی درووزەکان و بەدەوییەکان، لە پارێزگای سوەیدای سووریا به‌رده‌وام بوو و له ئه‌نجامدا به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ڕوانگەی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، 79 چەکداری درووز، 55 هاووڵاتی مەدەنی و 189 سەربازی هێزەکانی سووریا کوژراون و ئەمە جگە لە 18 کەسی پێکهاتەی بەدەوی، هەروەها 15 سەربازی هێزەکانی سووریا لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلیش کوژراون.
ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە هێرشی ئاسمانی قورسی کردە سەر دیمەشقی پایتەختی سووریا و بەشێکی بینای وەزارەتی بەرگریی وێران کرد و شوێنەکانی نزیک کۆشکی سەرۆکایەتیی بۆمباران کرد.