زیقار..جووتیاران بەدەست کەمئاوییەوە گرفتارن

جووتیارانی پارێزگای زیقار بەدەست کەمئاوییەوە گرفتارن، بەڕێوبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو پارێزگایە دەڵێن: پلانی کشتوکاڵی ئەم هاوینە بە تەواوی هەڵوەشێندراوەتەوە، هۆکارەکەشی کەمبوونەوەی بەردانەوی ئاوە.
فەلیح حەسەن، جووتیار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سەرچاوە ئاوییەکان دەستی بەسەر ترۆمپاکانی ئاو داگرت، ئێمە جووتیاران پشت بە خوا و پشت بەو ترۆمپایانە دەبەستین، کە سەرچاوە ئاوییەکان، ترۆمپاکانی هەڵگرت، هۆکارە بوو بۆ ئەوەی خەڵكی لە دەوروبەری شارەکانەوە کۆچ بکەن."
جواد ئەلزیر، جووتیار دەڵێت : ئەگەر ترۆمپاکانی ئاو لە ڕووبارەکان هەڵگرن، ئەو کاتە جووتیار بۆ کوێ بڕوات؟ ئەگەر جووتیار ترۆمپای هەبێت و ئاوی نەبێت كشتوکاڵیش نابێت، ئەگەر ترۆمپاش هەڵگرن و ئاو نەبێت دۆخەکە خراپتر دەبێت."
هاشم محبیس قاسم، بەڕێوبەری سەرچاوە ئاوییەکان لە پارێزگای زیقار، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "هەڵمەتێکی فراوان هەیە بۆ هەڵگرتنی هەموو ترۆمپا کشتوکاڵییەکان کە لە فوڕات و غەراف و لقەکانی دانراون، تەنیا یەك ترۆمپای ئاوی بۆ هەر ڕێرەوێکی ئاوی لە گوند و شوێنەکانی نیشتەجێبوون دادەنرێت، کە ئاوی خواردنەوە و ئاو بۆ بێستان دابین دەکات و دەبێت خاوەن ترۆمپاکان پابەندی خشتەی ئاودێری بن، پێچەوانەکەشی دەبێتە هۆی هەڵگرتنی ترۆمپا و ڕێکاری یاسایی دەرهەق بە پێشێلکاران دەگیرێتەبەر، هەروەها هەڵمەتەکە بڕینی کارەباش لەخۆدەگرێت."
ئەو بڕیارە لە کاتێکدا دەرکراوە، پارێزگاکە دووچاری قەیرانێکی ئاوی خنکێنەر بووەتەوە کە هەڕەشەی لەسەر ئاسایشی خۆراك دروست کردووە، ئەمەش هاندەر بووە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکاری سکهەڵکوشین بگرنەبەر، تا ئەو بڕە ئاوە سنووردارە کە بەردەستە، دابەشکردنێکی دادپەروەردانەی بۆ مسۆگەر بکرێت.