عێراق.. له‌ 24 کاتژمێری ڕابردوودا 40 شوێن بە هۆی سەرپێچییەوە داخراون

لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 40 شوێن بە هۆی سەرپێچی ڕێنماییەکان، لە سەرانسەری عێراق داخراون.

هەینی 18ـی تەممووزی 2025، یاسر ئەسکەندەر، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: 40 شوێن لەوانە کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون، بازاڕەکان، هۆڵەکان و کۆگاکان بەهۆی سەرپێچی ڕێنماییەکانی سەلامەتی داخراون. 

له‌ سێ ڕۆژی ڕابردوودا سێ حاڵه‌تی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ پارێزگاكانی عێراق تۆمار كراون. ئەو ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەش کرد، بە گوێرەی یاسا ڕێوشوێنی توند لە دژی سەرپێچیکاران دەگرنەبەر.

دەشڵێت: پێویستە حکوومەتی عێراق، پشتیوانی لە هەڵمەتی هۆشیاری سەلامەتی گشتی بکات و، ڕێگە بگرێت لە ڕوودانی ڕووداوی هاوشێوەی ئاگرکەوتنەوەکەی کوت، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 60 کەس گیانیان لەدەست دا.

بە پێی ئاماری سەنتەری ستراتیژی بۆ مافی مرۆڤ، له‌  ساڵی 2024ـەوە تا ئێستا، 21 هەزار حاڵەتی ئاگركەوتنەوە له‌ عێراق ڕوویان داوه‌ و هۆكارەكانیش جۆراو جۆرن.

هەر بە پێی ئامارەکە، 60% ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی شۆرتی كارەبا بوونە، 25%ـی بە هۆکاری كۆگاكردنی هەڕەمەكی كەلوپەل بووە، 10%ـی لە ئەنجامی كەمتەرخەمی بووە و 5%ـیش بە هۆكاری دیكه‌ بووە.

پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵیکی پێنج نهۆمی لە شاری کوتی سەر بە پارێزگای واست، 71 کەس گیانیان لە دەستدا، کە زۆرینەیان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە خنکان.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بارەی ڕووداوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، باڵەخانە بازرگانییە پێنج نهۆمییەکە، لە خواردنگەیەک و هایپەرمارکێتێک پێکدێت و تەنیا حەوت ڕۆژە کراوەتەوە. 

وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، بە مەبەستی زانینی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێنراوە و جەختیش لەوە کراوەتەوە، هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت، ڕێکاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر. ڕاشیگەیاندووە، دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنن. 

 
 
Fly Erbil Advertisment