لە جەنگی 12 ڕۆژەدا، زیان بە خانووبەرەی 13 ناوچەی تاران کەوتووە
تا ئێستا 1313 دانیشتووی تاران کە ماڵەکانیان لەکاتی جەنگی 12 ڕۆژەدا وێران بووە، لە هۆتێلەکاندا نیشتەجێ کراون

کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان ژمارەیەک لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی ڕێکخراوی خۆپارێزی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی شاری تاران، دەربارەی خانووبەرە زیانلێکەوتووەکانی جەنگی 12 ڕۆژە، بەڕێوەچوو.
شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی ئیلنا، بڵاوی کردەوە "لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا کە ژمارەیەک لە نوێنەرانی پارێزگای تاران و ئەندامانی کۆمیسیۆنی ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمان ئامادەی بوون، سەید عەلی یەزدیخواه، نوێنەری خەڵکی تاران، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەنگاوەکانی شارەوانیی تاران دەربڕی و گوتی: ئەم کۆبوونەوەیە لە درێژەی بەدواداچوونەکانی کۆمیسیۆنی ئاوەدانکردنەوەدایە بۆ هەڵسەنگاندنی مەیدانیی ئەو کارانەی کە لە بواری نۆژەنکردنەوە و یارمەتیدانی زیانلێکەوتوواندا کراون."
عەلی نەسیر، سەرۆکی ڕێکخراوی خۆپارێزی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی شاری تاران، لە میانی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێکدا لەسەر ئەو کارانەی کە لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژە و دواتر کراون، ڕایگەیاند "شارەوانیی تاران لە یەکەم ساتەکانی قەیرانەکەوە دەست بەکار بوو و دەستی بە هەنگاوە فریاگوزاری و خزمەتگوزارییەکانی کرد. ئەم هەنگاوانە پەیوەست بوون بە بوارە ناسەربازی و خزمەتگوزارییە شارستانییەکان."
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا "13 ناوچەی شارەوانیی گەورەی تاران، لە هێرشە ئاسمانییەکانی دوژمندا زیانیان بەر کەوتووە و هەماهەنگیی پێویست لە نێوان ئاگرکوژێنەوە، مانگی سوور، شارەوانیی ناوچەکان، ڕێکخراوی ئەندازیارانی شارستانی و وەزارەتی ڕێگاوبان و شارسازی کراوە و بەڕێوەبردنی مەیدانی قەیرانەکە بە باشی جێبەجێ کراوە."
نەسیری، لە درێژە قسەکانیدا، ئاماژەی بە نیشتەجێکردنی نائاسایی زیانلێکەوتووان کرد و گوتی: تا ئێستا 486 خێزان "1313" کەس، لە 11 هۆتێلدا بە شێوەیەکی کاتیی نیشتەجێ کراون.
ـ%95ـی چاکسازییە وردەکان جێبەجێ کراون
نەسیری، دەربارەی پرۆسەی نۆژەنکردنەوە گوتی: تا ئێستا چاکسازییە وردەکانی وەک دەرگا و پەنجەرە، جام و بۆیاغ، لە نزیکەی 5 هەزار یەکەدا بە ڕێژەی%95 تەواو بوونە.
ئەو هەروا جەختی لەسەر پێویستیی نۆژەنکردنەوەی یەکە زیانلێکەوتووەکان کردەوە و گوتی: سەرۆک شارەوانییەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکدا لە پەیوەندیدان. ئەو بەڵێندەرانەی کە دیاری کراون، لەگەڵ شارەوانیدا هاوکاریی دەکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەید عەلی یەزدیخواه، هەواڵی بەدواداچوونی پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتووی هاوڵاتییانی ڕاگەیاند و نوێنەرانی وەزارەتی ڕێگاوبان و شارسازی، دامەزراوەی شەهید، ڕێکخراوی ئەندازیارانی پارێزگای تاران و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکە، ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر کارەکانیان لە ماوەی جەنگی 12 ڕۆژەدا پێشکەش کرد.
تێبینیی هەندێک لە نوێنەرانی پەرلەمان بۆ کارەکانی شارەوانی پایتەخت سەبارەت بە جەنگی 12 ڕۆژە
مورتەزا مەحموودی، نوێنەری تاران، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ کارەکانی شارەوانی تاران دەربڕی و گوتی: سەرەڕای ئەو هەوڵانەی کە دراون، بەڕێوەبردنی قەیران لە وڵاتدا پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی جددی هەیە. ئەنجومەنی باڵای بەڕێوەبردنی قەیرانی وڵات لە سێ ساڵی ڕابردوودا کۆنەبووەتەوە و ئەمەش نیشانەی بایەخنەدانە بە بەڕێوەبردنی قەیران لە وڵاتدا.
ناوبراو ئاماژەی بە کێشە ئامارییەکان و تێکەڵبوونی بەرپرسیارییەتییەکان کرد و داوای پێکهێنانی ڕێکخراوێکی یەکگرتووی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی وڵات کرد و جەختی کردەوە "فرەیی دامودەزگاکان، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناکارامەیی لەم بوارەدا."
زوهرە سادات لاجوەردی، نوێنەرێکی دیکەی تاران، وێڕای دەستخۆشی لە شارەوانیی تاران، ڕەخنەی لە کارکردنی لاوازی هەندێک دەزگای دیکە گرت و داوای هەماهەنگی زیاتری لە نێوان دامەزراوەکاندا کرد.