لە عێراق 40 کەس بەتۆمەتی پلانگێری دەستگیر کران

لە سێ پارێزگای عێراق 40 کەس بە تۆمەتی پلانگێڕییەکی بەعسییەکانیان دەستگیر کران.
لە ڕاگەیەندراوێکدا دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاوی کردەوە، پلانگێڕییەکی بەعسییەکانیان لە سێ پارێزگا پووچەڵکردووەتەوە و 40 تۆمەتباریشیان دەستگیرکردووە، کە تێوەگلاون لە بەڕێوەبردن و پاڵپشتیکردنی دارایی بۆ بڵاوکردنەوەی بیری تائیفی و هەوڵدان بۆ کاری تێکدەرانە.
دەزگا ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوەش کردووە؛ لێکۆڵینەوەکان هەوڵێکیان ئاشکرا کردووە، لەلایەن پاشماوەکانی ڕژێمی پێشووەوە سەرپەرشتی کراوە و پشتیان بە گوتاری چەواشەکارانە بەستووە بۆ بڵاوکردنەوەی بیری قەدەغەکراو و هاندان دژی دەوڵەت.
هەروەها گوتیشی: یەکێک لەو هەوڵانە بریتی بووە لە پڕوپاگەندە کردن بۆ قەوارەیەک بە ناوی لیوای 66 کە لە دەرەوەی وڵاتەوە لەڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە بەڕێوە دەبرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانییان کردووە، ژمارەیەک لە تۆمەتباران دانیان بەوەدا ناوە کە پشتگیری و ئاراستەکردنیان لەلایەن کەسانی هەڵهاتووی دەرەوەی وڵاتەوە بووە.