ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حودەیدە دەستپێکردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی تەممووزی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حودەیدە لە یەمەن دەستپێکردەوە.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ژێرخانی سەربازیی حووسییەکانی لە بەندەری حودەیدە بۆمباران کردووە، گوتیشی: ئامانجەکانی هێرشەکە بریتی بوون لە کەرەستەی ئەندازیاری کە بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی بەندەرەکە بەکارهێنراون، کۆنتێنەری سووتەمەنی، کەشتییە دەریاییەکان کە لە چالاکییە سەربازییەکاندا بەکاردەهێنرێن و ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکان دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، کەشتیەکانی دیکە لە ناوچەی دەریایی نزیک بەندەرەکە، جگە لەو ژێرخانانەی کە لەلایەن حووسییەکان بەکاردەهێنرێت لەناوبران.
سوپای ئیسرائیل ڕوونی کردەوە، ئەو بەندەرە لە نێوان کەلوپەلەکانی دیکەدا بۆ گواستنەوەی چەک لە ئێرانەوە بەکارهێنرا، دواتر لەلایەن حووسییەکانەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی قۆستراوەتەوە.
پشتڕاستیشی کردەوە، زانیاری هەیە سەبارەت بە "هەوڵە بەردەوامەکانی حووسییەکان، بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی هێرشی دووبارە لە بەندەرەکەدا و هەروەها ئەو پێکهاتانەی بۆ پشتگیریکردنی ئەو هەوڵانە بەکاردەهێنرێن کراونەتە ئامانج".
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش دا، حووسییەکان ناوچەی دەریایی دەقۆزێتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی تێپەڕینی کەشتیە بازرگانییەکان لە دەریایی جیهانی.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ئامانجانەی لێیان دراوە نیشاندەری ئەوەیە کە حوسییەکان چۆن دامەزراوە مەدەنییەکان بۆ مەبەستی سەربازی و هێرشبەری بەکاردەهێنن. سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە هەنگاوە یەکلاکەرەوەکان بەرامبەر بە هێرشە دووبارەبووەکانی حووسییەکان دژی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ئیسرائیل، هەروەها بەردەوام دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی ئیسرائیل، لە هەر شوێنێک پێویست بێت.