سەرۆکی میت لایەنە سیاسییەکان لە دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی ئاگادار دەکاتەوە

ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)

سەرۆکی میت سەردانی لایەنە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان دەکات و لە دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی ئاگاداریان دەکاتەوە و زانیارییان پێ دەدات. 

بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، لە چوارچێوەی دانوستانەکانی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 21ی تەممووزی 2025، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات. 

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئیبراهیم کاڵن، لەگەڵ سەرۆک و جێگری سەرۆک فراکسیۆنەکانی، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە)، ئی پارتی و یەنی یۆل کۆدەبێتەوە. 

کاتژمێر 3:30ی دوای نیوەڕۆ، ئیبراهیم کاڵن، لە پەرلەمانی تورکیا سەردانی دەم پارتی دەکات و لەگەڵ تولای هاتیمئۆغوڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی و هەروەها گولستان کڵچ کۆچیغیت و سەزایی تەمەللی؛ جێگرانی سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی کۆدەبێتەوە و پرۆسەی نوێی ئاشتی تاوتوێ دەکەن. 

هەروەها کاڵن بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی دەم پارتی، کاتژمێر 2:00ی دواینیوەڕۆ، لە پەرلەمان، سەردانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ کاتژمێر 2:00، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەر لە ناو پەرلەمان سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە دەکات. هەروەها بڕیارە لەم هەفتەیەدا لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە کۆببێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، چاوەڕێ دەکرێت ئەم هەفتەیە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمای بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی پێکبهێنرێت کە بڕیاردراوە 45 نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لەخۆ بگرێت. 

نوێنەری لایەنە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنەکەدا بەم شێوەیە دابەش کراون: ئاکپارتی 13، جەهەپە 7، دەم پارتی و مەهەپە و یەنی یۆل 3 و پارتەکانی دیکەش یەک ئەندامیان دەبێت؛ هەروەها ئەندامانی سەربەخۆش بە تیروپشک هەڵدەبژێردرێن. ئەرکی کۆمیسیۆنەکە بریتییە لە ئامادەکردنی زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، ئەوەش لە ڕێگەی ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسا و ناردنی بۆ ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان، بەمەبەستی پەسەندکردنی.

چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە لە سلێمانی

پێشنیوەڕۆی هەینی ڕابردوو (11ـی تەممووزی 2025) گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.  

چەکدانانای سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکوومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت. 

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.  پەکەکەش لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.

 
Fly Erbil Advertisment