سەروەر هاواری: سێ سایلۆمان بە داهاتی ناوخۆ دروست کردووە

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، 38 هەزار کۆمپانیا لە وەزارەتی بازرگانی تۆمار کراوە، کە لە 31%ـی لەم کابینەیەدا بووە، هەروەها لە داهاتی ناوخۆ سێ سایلۆمان دروست کردووە. 

سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە باسی ڕۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات گوتی: چەند ئەرکێک لە ئەستۆی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستانە، وەک تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، تۆمارکردنی هێما بازرگانییەکان، مۆڵەتدان بە هاوردە و هەناردەی کاڵاو شتومەک لە دەرەوەی وڵات، ڕێکخستنی بازرگانی ناوخۆی، لەگەڵ پلاندانانی ساڵانە بۆ کەرتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ پرۆژەکان بەهاوکاری دەستەی وەبەرهێنان.

سەروەر هاواری ئاماژەی بەوەش کرد، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەرتی بازرگانی وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینییوە، بەشێوەیەک ئێستا 38 هەزار کۆمپانیا لە وەزارەتی بازرگانی تۆمارکراوە، کە لە 31%ـی کۆمپانیاکان لە کابینەی نۆیەم تۆمار کراوە، ئەم کۆمپانیانەش بازرگانین و چالاکی بازرگانیان لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکاندا هەیە.

ڕاشیگەیاند، زیادبوونی کۆمپانیا بازرگانییەکان دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار، کێبڕکێ دروست دەبێت لە نێوان کۆمپانیاکان، قۆرخکاری لەبازاڕ ناهێڵێت، هەروەها دەرفەتی کار و بازرگانی و پیشەسازی بۆ هەموو تاکێکی ناوخۆیی و بیانی ڕەخساوە، بەمەش چالاکی بازرگانی هەم لە دەروازەکان هەم لەناوخۆ دروست بووە.

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەشڵێت: حکوومەت کارگەیەکی چیمەنتۆی بەهاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت هەیە، ئێمە توانیوومانە لە داهاتی ئەو چیمەنتۆیە لە ماوەی چوارساڵدا، سێ سایلۆ دروست بکەین، ئەوانیش سایلۆکانی 'قوشتەپە، ڕۆڤیا و کەلار'ـە، کە هەرسایلۆیەک لە نێوان 19 بۆ 23 ملیار دیناری تێچووەکەی بووە.

گوتیشی: لەسەدا 75 بۆ 80ـی بەرهەمی ئەو کارگانەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، دەچێتە خواروو و ناوەڕاستی عێراق، لە سەدا 20 لە ناوخۆ بەکار دەهێنرێت، واتە ئێمە بووینەتە دابینکەری کاڵاو شتومەک بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق، بەڵام عێراق بازگەی داناوە هەر ڕۆژە و بیانووەکە دەهێنێتەوە، کێشە بۆ ئێمە دروست دەکات، ئامادەیە کاڵا لەدەرەوە هاوردە بکات، بەڵام ئامادە نییە کاڵا لە هەرێمی کوردستان هاوردە بکات.

 

 
 
 

Fly Erbil Advertisment