ناتانیاهۆ: بەهۆی پڕوپاگەندەی میدیاوە هەمووان ڕقیان لێمە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هۆکاری ئەو ڕق و کینەیەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە سەرانسەری جیهاندا دەگەڕێتەوە بۆ "پڕوپاگەندەی میدیایی".

لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، "ئیسرائیل بە ناوی جیهانەوە بەشداری لە ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگی ئێراندا کرد."

دەشڵێت: "ئیسرائیل ئەو کارەی بۆ هەموو جیهان کرد"، ئاماژەی بەوەش کرد، مووشەکەکانی ئێران تەنیا ئاراستەی ئیسرائیل نەبوون، بەڵکو ئامانجیان ئەورووپا و دواجاریش ئەمەریکا بووە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی هەمووان ڕقیان لێیەتی، ناتانیاهۆ گوتی: پرسیاری ڕاستەقینە ئەوە نییە بۆچی ڕقیان لە من یان سەرۆک ترەمپ دەبێت، بەڵکو بۆچی واقیعەکە نابینن؟ بۆچی درک بەوە ناکەن کە چی بۆ ئەوان باشترینە؟

دەشڵێت: وەڵامەکە سادەیە، "زۆرینە لە ڕاستییەکان تێدەگەن کاتێک ڕاستییەکان دەخرێنە بەردەمیان، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە چۆن ڕاستییەکان بگەیەنن لە سەردەمێکدا کە زانیاری لە ڕێگەی ئەپەکانی وەک تیک تۆکەوە دەگوازرێتەوە".

لە وەڵامی لێدوانێکدا سەبارەت بە برسیکردنی خەڵکی غەززە، ناتانیاهۆ گوتی: "ئێمە نامانەوێت خەڵکی مەدەنی ئازار بچێژن." جەختیشی کردەوە، "لەو ساتەی حەماس چەکەکانی دادەنێت و تەسلیم دەبێت، ڕەنگە ڕێگەیان پێبدەین غەززە بەجێبهێڵن، ئیتر شەڕەکە کۆتایی دێت".

ڕاشیگەیاند، "هیچ شانسێک بۆ ئاشتی لەگەڵ ڕژێمی ئێستای ئێران نییە، بەڵکو لەگەڵ خەڵکە. لە کۆتاییدا گوتی: ئەو ئەمەریکییانەی نایانەوێت پشتگیری ئیسرائیل بکەن، مانای ئەوەیە پشتگیری ئەمەریکا ناکەن."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment