ئاگرکەوتنەوەی زنجیرەیی لە سەرتاسەری ئێران بووەتە جێی گومانی خەڵک
بەرپرسانی ئەمنیی ئێران، هۆی تەقینەوەکان بۆ هەڵەی مرۆیی و شۆرتی کارەبا و پەنگخواردنەوەی غاز دەگەڕێننەوە

بەردەوامیی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەکان لە تارانەوە تا تەورێز، گومانی ئەوەی زیاد کردووە کە کردە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەناو ئێراندا درێژەیان هەیە.
سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، بەشی فارسی ماڵپەڕی ئیندیپێندت، ڕاپۆرتێکی دەربارەی تەقینەوە گوماناوییەکانی شارەکانی ئێران بڵاو کردووەتەوە، تێیدا هاتووە "سەرباری تێپەڕبوونی زیاتر لە 3 هەفتە بەسەر ئاگربەستی نێوان ئێران و ئێسرائیل، شەپۆلێکی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەی گوماناوی لە شوێنە جیاوازەکانی ئێراندا، بە تایبەت لە تاران، پرسیاری ئەوەی لای خەڵک دروست کردووە کە سەرچاوەی ئەم ڕووداوانە چین؟ زۆریک لەو باوەڕەدان ئەم ڕووداوانە سروشتی یان لە ئەنجامی هەڵەی تەکنیکییەوە نین و لەوە دەچێت کاری سیخوڕە نهێنییەکانی مۆساد بن، کە ئێستەش لەناو ئێراندا چالاکن."
ساڵانی پێشووش، زۆر جار کەوتنەوەی ئاگر و ڕووداوی تەقینەوە لە ناوەندە سەربازیی و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە لایەن دەستگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە بە ڕووداوی سروشتی، ئەنجامی هەڵەی تەکنیکی و مرۆیی ڕادەگەیەنرا، بەڵام دواتر دەردەکەوت کاری تێکدەرانە بوونە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئێستا خەڵک باوەڕ بە ڕاگەیەنراوە فەرمییەکان دەربارەی ڕووداوەکانی چەند هەفتەی ڕابردوو نەکەن.
کاردانەوەی شپرزەی میدیا فەرمییەکانیش، گریمانەی تێوەگلانی ئیسرائیلی لەو ڕووداوانەدا لای خەڵک زیاتر کردووە. هەندێک لە شرۆڤەکاران بڕوایان وایە، ئەگەر تەقینەوەکان بەشێک لە بەرنامەیەکی داڕیژراوی ئیسرائیل نەبن، ئەوا بەشێکن لە جەنگی دەروونی بەرانبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە لایەکی دیکەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بوونەتە سەکۆیەکەی بێسانسۆر بۆ نوکتە و گاڵتەکردن بەو تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوانەی کە ڕۆژانە لە ئیران ڕوو دەدەن.
تەقینەوە بەردەوامەکانی پاش ئاگربەست
سێشەممە، 15ـی تەممووز، فیلمی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە بورجی زومڕد، لە تەورێز، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە، توندیی بڵێسەی ئاگرەکە و زۆریی دووکەڵەکەی، نیشانەی گەورەیی و ترسناکی ئاگرەکە لەو باڵەخانە بەرز و گەورەیەدا بوو. کەچی تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ هەواڵێک دەربارەی هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە و زیانە گیانی و ماڵییەکانی لە میدیا فەرمییە ناوخۆییەکانی ئێراندا ڕانەگەیەنراوە.
ڕۆژێک پێشتر، واتە 14ـی تەممووز، دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە چەند بەشێکی شاری 'قوم'ی لەرزاند، ئەمەیان، لە باڵەخانەیەکی کۆمەڵگەی نیشتەجێیی (پیامبر اعظم) لە گەڕەکی پەردیسیان ڕووی دا. بە گوێرەی قسەی شایەتحاڵان، هێزی تەقینەوەکە بە ڕادەیەک بووە ئەو باڵەخانانەی 2 کیلۆمەتریش لێوەی دوور بوون، لەرزیونەتەوە و شووشەی پەنجەرەی زۆربەیان شکاون. ئەمە جگە لە وێرانبوونی نهۆمی یەکەمی باڵەخانەکە و گەیاندنی زیانی زۆر بە باڵەخانەکانی دەوروبەری.
سەرۆکی دەزگای فریاکەوتنی قوم، ڕایگەیاند "لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا 7 کەس بریندار بوونە." بەرپرسانی خۆجێیش هۆی تەقینەوەکەیان بۆ پەنگخواردنەوەی غاز گەڕاندەوە نەک بۆ کردەیەکی تیرۆریستی. لە هەمانکاتدا دەنگۆی ئەوە بڵاو کرایەوە کە ئەو باڵەخانە سەر بە وەزارەتی نیشتەجێکردن بووە و بەشێک لە بەرپرسان و مەلا ناسراوەکانی قوم ی تێدا نیشتەجێ بوونە.
لە بەرەبەیانی هەمان ڕۆژدا، ئاگرێک لە کۆمەڵگەیەکی بازرگانیی گەورە لە شاری مەشهەد کەوتەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتی پێگە هەواڵییە ناوخۆییەکان و وێنە و فیلمی بڵاوکراوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئاگرەکە لە کۆمەڵگەی بازرگانیی قائیم، لە مەیدانی 17ـی شەهریوەر، کەوتووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی میهر، ڕایگەیاند "8 تیمی ئاگرکوژێنەوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و فریاکەوتنی خەڵک ڕەوانە کراون، بەپرسانی خۆجێیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕووداوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە کردەی تیرۆریستی یان خراپکارییەوە نییە!"
دواتر، هەواڵی دوو تەقینەوە لە شەقامی ئینقلاب و شەریعەتیی تاران، بڵاو کرایەوە. جگە لە تەقینەوەیەکی دیکە لە گەڕەکی جیهان نمای کەرەج و تەقینەوەیەکی تر لە تەورێز و ئاگرکەوتنەوەیەک لە فڕۆکەخانەی مەشهەد.
بەرپرسانی ئەمنیی تاران، هۆی تەقینەوەکانیان بۆ هەڵەی مرۆیی و شۆرتی کارەبا و پەنگخواردنەوەی غاز گەڕاندەوە. لە کاتێکدا بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەی مەشهەد، ڕایگەیاند "ئاگرەکە سووتاندنی بەرنامەدارێژراوی گژوگیای وشکی دەوروبەری فڕۆکەخانەکەی بووە."
ئێوارەی شەممە، 12ـی تەممووز، فیلمی ئاگرێکی گەورە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی میهرابادی تاران، لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکاندا بڵاو کرایەوە، کە دەنگی تەقینەوە و بەرزبوونەوەی گڕ و بڵێسەی ئاگرەکەی بە ئاشکرا دەردەخست، کەچی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەکە، ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند "هیچ تەقینەوە و ئاگرێک لە نزیکی فڕۆکەخانەکە ڕوویان نەداوە!"
ڕۆژی پێشتر، فڕۆکەیەکی ڕووسی جۆری ئێلیووشن 76، لە فڕۆکەخانەی میهراباد نیشتبووەوە و یەکسەریش گەڕابووەوە مۆسکو، خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وایان بڵاو کردەوە کە ڕەنگە تەقینەوەکە لە ئەنجامی سووتان، یان تەقاندەوەی بارێکی یەکجار هەستیاری ئەو فڕۆکە ڕووسییەوە بووبێت.. کەسانێکیش گومانی ئەوەیان کردبوو کە لەوانەیە باری فڕۆکەکە، کەرەستەی سەربازیی، بە تایبەتیش پارچەی مووشەکی دژە ئاسمانی ڕووسی، ئێس-300 بووبێت. کەسانێکیش بۆ گاڵتە و پێکەنین بە بارودۆخەکە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیبوویان "خەمتان نەبێت، بوتڵێکی غاز لە ناو فڕۆکەیەکەی شەڕکەردا تەقیوەتەوە!"
خەڵک باوەڕ بە ڕاگەیەنراوە فەرمییەکان ناکەن
تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە گوماناوییەکان، زۆر جار لەو شوێنانەدا ڕوو دەدەن کە هێشتا بۆریی غازیان پێ نەگەیشتووە، بەڵام ڕاگەیەنراوە فەرمییەکان هۆی تەقینەوەکان بۆ پەنگخواردنەوەی غاز دەگەڕێننەوە. بۆ نموونە، ڕۆژی 10ـی تەممووز، تەقینەوەیەک لە بورجی پامچال لە ناوچەی چیتگەر لە تاران ڕووی دا و بەرپرسان و سەرچاوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاند "تەقینەوەکە لە ئەنجامی پەنگخواردنەوەی غازەوە ڕووی داوە" کەچی دوایی دەرکەوت ئەو بورجە هێشتا تەواو نەکراوە و بۆریی غازیشی بۆ نەچووە!
خاوەندارێتی بورجی پامچاڵ دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی دادوەریی ئێران و هێشتا زۆرینەی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و ئەسانسۆر و تەنانەت کارەبا و غازی پێ نەگەیەنراوە؛ سەرباری ئەوەش ئاژانشی ئاگرکۆژێنەوەی تاران ڕایگەیاند 7 کەسی نیشتەجێی بورجەکە لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا بریندار بوونە!
ئەم جۆرە ڕاگەیەنراوانە، بوونەتە مایەی سەرسووڕمانی خەڵک و وای کردووە چی دی بڕوایان پێ نەکەن.
ڕۆژێک دوای تەقینەوەکەی بورجی پامچاڵ، مردنی لەناکاو و گوماناوی عەلی تالیب، نوێنەری پێشووی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە فەرماندەیی ساروڵڵای سوپای پاسداران، گومانی ئەوەی زیاتر کرد کە مەرگی تالیب و تەقینەوەکەی بورجەکە، پەیوەندییان بەیەکەوە هەبوو بێت. عەلی تالیب، برای حوسەین تالیب، سەرۆکی پێشووتری ئاژانسی ئیتڵڵاعاتی سوپای پاسداران بوو.
ڕووداوەکانی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە بەردەوامەکان لە سەرانسەری ئێراندا، پەیوندیی بە کاری سیخوڕیی ئیسرائیلەوە هەبێت یان نا، گومانی ئەوەی لای خەڵکی ئاسایی زیاد کردووە کە باری ئەمنیی وڵاتەکە چیتر پتەو و جێی متمانە نییە.