تورکیا.. ئەم هەفتەیە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی بۆ پرۆسەی ئاشتی دادەمەزرێت

سەرەڕای ئەوەی دوێنێ دووشەممە، 21ـی تەممووز، پەرلەمانی تورکیا چووە پشووی هاوینە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت تا رۆژی هەینی کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانی بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی دابمەزرێت و بەدرێژایی وەرزی هاوین کاربکەن و زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەی چەک دانانی پەکەکە ئامادە دەکەن.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکە ڕایگەیاند، گفتوگۆکان لە بارەی کۆمسیۆنی پەرلەمانی گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و بەم نزیکانە شاهێدی پێشکەوتن دەبن لەسەر ئاستی پەرلەمان.
ئیی پارتی بە فەرمی ڕایگەیاندووە، بەشدار نابێت لە کۆمیسیۆنەکە، بەشداری کردنی لایەنێکی سەرەکی تورکیا لەکۆمیسیۆنەکە بۆتە جێگەی گومان کە پارتی گەلی کۆماری جەهەپەیە، بەرپرسانی پارتەکە ڕایانگەیاندووە، جەهەپە لە هەموو بارودۆخێک بەشداری لە کۆمیسیۆنەکەدا ناکات، واتە پارتەکە هەندێک مەرجی هەیە بۆ بەشداریکردن و هەفتەی ڕابردوو پێشنیارێکی 16 مادەیی بۆ کۆمیسیۆنەکە پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان کردووە.
لەلای خۆیەوە تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس دەکرێت ڕایگەیاند، کۆمەڵگا چاوەڕوانییەکی زۆری لە (جەهەپە) هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان( دەم پارتی) ڕایگەیاند، کۆمەڵگا چاوەڕوانییەکی زۆری لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی مێژوویی و بەشداریکردن لە هەوڵی چارەسەری باشترین هەنگاوە بۆ هەموومان و بۆ داهاتووی وڵاتەکەمان، چاوەڕوانی تەواوی کۆمەڵگا لە دامەزراوە سیاسی و لایەنە سیاسییەکان بەشدار کردنییانە لە پرۆسەی ئاشتی.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت، لەگەڵ دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکە نەخشەڕێگایەک لەبارەی هەموار و گۆڕانکارییە یاساییەکان تایبەت بەپرۆسەی ئاشتی ئامادە بکەن.