زیاتر لە 100 ڕێکخراوی ناحکوومی هۆشداری دەدەن لە 'برسێتی بەکۆمەڵ' لە غەززە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی تەممووزی 2025، زیاتر لە 100 ڕێکخراوی ناحکوومی هۆشدارییان دا لە مەترسییەکانی "برسییەتی بەکۆمەڵ" لە کەرتی غەززە، ئەمەش بەهۆی ئەو شەڕە بەردەوامەی کە زیاتر لە 21 مانگی خایاندووە.
ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لەوانە پزیشکانی بێ سنوور، لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئۆکسفام ئینتەرناشناڵ و چەند لقێکی ڕێکخراوی پزیشکی جیهانی و کاریتاس، ڕایانگەیاندووە، "لەگەڵ بڵاو بوونەوەی برسێتی بەکۆمەڵ لە کەرتی غەززە، هاوکارەکانمان و ئەو کەسانەی کە هاوکارییان دەکەین زیاتر لاواز بوون".
هەروەها لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا داوای ئاگربەستی دەستبەجێی نێوان ئیسرائیل و حەماس و کردنەوەی هەموو دەروازە وشکانییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە و دەستەبەرکردنی ئازادیی ڕۆیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتیەکە دەکەن.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، "تەنیا لە دەرەوەی کەرتی غەززە، لە کۆگاکاندا و تەنانەت لە ناوەوەشدا، تۆنێک خۆراک، ئاوی خواردنەوە، پێداویستی پزیشکی، کەرەستەی پەناگە و سووتەمەنی بەکارنەهێنراون و لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆییەکان ڕێگەیان پێنادرێت دەستیان پێبگات یان بیگەیەنن."
ئەم بەیاننامەیەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ڕۆژێک دوای ئەوەی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، سوپای ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بە کوشتنی زیاتر لە هەزار کەس لە خاڵەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە غەززە لە کۆتایی مانگی ئایارەوە کە زۆربەیان لە نزیک شوێنەکانی سەر بە دامەزراوەی مرۆیی غەززە، کە ڕێکخراوێکە لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە پاڵپشتی دەکرێت.
کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند "لە ماوەی 72 کاتژمێری ڕابردوودا 21 منداڵ لە غەززە، بەهۆی بەدخۆراکی و برسێتی گیانیان لە دەستداوە، لەکاتێکدا کارەساتی مرۆیی کاریگەری لەسەر کەرتەکە هەیە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات لەوەی "برسێتی لە هەموو دەرگایەک دەدات".