حکوومەتی سووریا: چوار وڵات لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەوڵی تێکدانی دۆخی وڵاتەکەمان دەدەن

وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا دەڵێت، گرووپە چەکدارەکان و هۆزەکانی وڵاتەکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ شەڕی دەروونیی دژی یەکتر و نمایشکردنی هێز و توانایان بەکاردەهێنن.
دۆخی سووریا بووەتە زەوییەکی بەپیت بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە و بەکارهێنانی ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن، لەوانەش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ ئەمەش لە پێناو ترساندن و جێبەجێکردنی ئەجێندانی هۆز و گرووپە چەکدارەکان.
بە گوێرەی وەزارەتی ڕاگەیاندنی سووریا، سەدان هەزار هەژماری ساختە و فەیک هەوڵی سەرلێشێواندن و بەلارێدابردنی ڕای گشتی سووریەکان دەدەن، هەرچەندە خۆیان دۆخیان هێندە باش نییە و دەیان قەیرانی دیکەی جۆراوجۆر بەرۆکی گرتوون.
لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا، حەمزە ئەحمەد، وەزیری ڕاگەیاندنی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا هۆشداری داوە، لە زۆری هەژمارە ساختەکان و کاریگەریان لەسەر دەروونی خەڵک. حەمزە مستەفا دەڵێت: لانیکەم 300 هەزار هەژمار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان هەن، کە هەوڵی سەرلێشێواندن و بەلارێدابردنی خەڵکی سووریا دەدەن.
ئەو وەزیرەی حکوومەتی سووریا ئاماژەی بەوە دا، ئەو هەژمارە ساختانە لە لایەن چوار دەوڵەتی سەرکییەوە سەرپەرشتی دەکرێن، بەبێ ئەوەی ناوی دەوڵەتەکان بهێنێت. وەکوو خۆی باسی کرد، بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە کە تا ئێستا لەسەریان هەڵنەگیراون، ناتوانن پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیای پلاتفۆڕمەکان دروست بکەن بۆ سنوورداکردن و داخستنی ئەو هەژمارانە.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو بابەتانەی بڵاودەکرێنەوە لە هەژمارەکانی تایبەت بە سووریا، حەمزە مستەفا گوتی: بەشێکیان خۆیان سەر بەدەوڵەت دەناسێنن بۆ لەکەدارکردنی دەوڵەت، دروشمی تائیفی و هەڕەشە ئامێز بڵاودەکەنەوە، هەندێکیان پلاتفۆڕمەکان بەکاردەهێنن بۆ شەڕی دەروونی دژی لایەنی بەرامبەریان، ئەم شێوازە زیاتر لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بەکاردەهێنرێت، ئەمە لەگەڵ نمایشی هێزی گرووپ و هۆزەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
پرسی هەژماری ساختە لە سووریا بابەتێکی نوێ نییە، لە سەردەمی بەشار ئەسەدیش هەبوو، بەڵام لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی لە کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، دیاردەکە زۆر بە بەربڵاوی دەرکەوتووە، بەجۆرێک ڕۆژ هەیە لە سووریا 10 هەزار هەژماری ساختە بۆ شەڕی دەروونی گرووپ و هۆزەکانی سووریا دروستکراوە.