لە کفری ڕاهێنان بە منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم دەکرێت

لە سنووری شارۆچکەی کفری سەنتەرێکی حکوومی بۆ تووشبووانی ئۆتیزم کراوەتەوە و ئێستا لە سەنتەرەکە 18 منداڵ ڕاهێنانیان پێ دەکرێت و مانگانەش بۆ هەر تووشبوویێک بڕی 60 هەزار دینار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان خەرج دەکرێت.
چوارشەممە، 23ـی تەمووزی2025، ژیلوان عادل، بەڕێوەبەری گشتی چاودێریی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی گەرمیان بە کوردستان 24ـی گوت: بۆ کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم لە سنووری گەرمیان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 56 ملیۆن دیناری دابین کرد، ئێستا سەنتەرەکە 18 منداڵی تووشبووی ئۆتیزمی وەرگرتووە و ڕۆژانە ڕاهێنانیان پێ دەکرێت.
گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 24-12-2024 نزیکەی 30 فەرمانبەری بۆ سەنتەری تووشبووانی ئۆتیزم دامەزراند، کە ڕۆژانە کار دەکەن و ڕاهێنان و وانەی پەروەردەیی بە منداڵان دەڵێنەوە.
سەبارەت بە ژمارەی تووشبووان لە شارۆچکەی کفری و مەرجی وەرگرتنیان لە سەنتەرەکە ژیلوان عادل ئاماژەی بەوەدا: بەپێی فۆرمێک کە پێشتر بۆ زانینی ژمارەی تووشبووانی ئۆتیزم لە کفری بڵاویان کردووەتەوە، 300 تووشبووی ئۆتیزم لە سنووری شارۆچکەکە هەن، بەڵام یەکێک لە مەرجەکانی وەرگرتن ئەوە بووە، کە دەبێت تووشبوو تەمەنی لەنێوان 4 بۆ 12 ساڵ بێت، هەر بۆیەش تەنیا 18 منداڵ ئەو مەرجەیان تێدا بووە و لە سەنتەرەکەدا وەرگیراون.
دووشەممە، 31ـی تەمموزی 2023، کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شارۆچکەی کفری ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مهسرور بارزانی سەردانی شارۆچکەی کفریان کردووە، بۆ ئهوهی سەنتەری ئۆتیزم لەو شارۆچکەیە بکەنەوە و تەواوی پێداویستییەکانیشی بۆ دابین بکەن.