سعوودیە بەبەهای شەش ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە سووریا دەکات

حەمزە مستەفا، وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا، واژۆکردنی 44 ڕێککەوتنی وەبەرهێنان لە نێوان سووریا و سعوودیە بە بەهای شەش ملیار دۆلار ڕاگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سووریا و سعوودیە کە لە دیمەشق بەڕێوەچوو، بە بەشداری شاندێکی باڵای سعوودیە کە زیاتر لە 120 بازرگان بەشداربوون.
حەمزە مستەفا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەو ڕێککەوتنە واژۆکراوانە نزیکەی 50 هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ و 150 هەزار هەلی کاری ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنن"، هەروەها ستایشی ڕۆڵی سعوودیەی لە پشتیوانیکردنی ئابووری و ئاوەدانکردنەوەی سووریا کرد.
ڕێککەوتنەکە هەموو کەرتەکان دەگرێتەوە، لەوانە، دارایی، بانکی، خانووبەرە، بیناسازی، ئاسایشی ئەلیکترۆنی، پەیوەندی و گەشتیاری و وزە و گواستنەوە، جگە لە دروستکردنی کارگەیەکی چیمەنتۆی سپی لە شاری پیشەسازی عەدرا کە لە گرنگترین پرۆژەکانە.
وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا جەختی کردەوە، حکوومەتی سووریا کار بۆ مۆدێرنکردنی ژینگەی یاسادانان دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وەبەرهێنان، ئەویش لە ڕێگەی دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای گەشەپێدانی ئابووری و سندووقی سەروەری، دابینکردنی گەرەنتی یاسایی بۆ پاراستنی وەبەرهێنەران، هەروەها دروستکردنی کەشێکی سەرنجڕاکێش و پارێزراو بۆ وەبەرهێنان.
حەمزە مستەفا باسی لەوەش کرد، سووریای نوێ وەبەرهێنانی ئابووری وەک کۆڵەگەی پێشکەوتنی ڕاستەقینە دەبینێت، کە بەشدارە لە ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشبردنی گەشەسەندنی بەردەوام و ڕەخساندنی هەلی کار.