بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر: نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاری چه‌ند مانگێكه له نۆژه‌نكردنه‌وه‌دایه
به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاری: چه‌ند كه‌س و كه‌ناڵێكی نابه‌رپرس هه‌واڵی چه‌واشه‌كارانه له‌باره‌ی نه‌خۆشخانه‌كه بڵاوده‌كه‌نه‌وه
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ئاماژه به‌وه ده‌كات، هەواڵێکی چەواشەکارانە بەبێ بەڵگە و بەبێ هیچ سەرچاوەیەک بڵاوکراوه‌ته‌وه، کە گوایە نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێركاری دراوەتە کۆمپانیا؛ ده‌شڵێت، نه‌خۆشخانه‌كه ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه له‌ژێر نۆژه‌نكردنه‌وه‌دایه.
پێنجشه‌ممه، 24ـی ته‌ممووزی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، کەناڵێک و پەرلەمانتارێک هەواڵێکی چەواشەکارانەیان بەبێ بەڵگە و بەبێ هیچ سەرچاوەیەک بڵاوکردووه‌ته‌وه، کە گوایە نەخۆشخانەی ڕزگاری دراوەتە کۆمپانیای تایبه‌ت، به‌ڵام "سەرلەبەری ئەم هەواڵ و ده‌نگۆیه ڕەت دەکەینەوە و دوورە لە ڕاستییه‌وه"، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، زیاتر لە هەشت مانگە نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێركاری لە نۆژەنکردنەوەدایە و کارکردنیش تێیدا بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر گوتووشیه‌تی، جه‌ختی ده‌كه‌نه‌وه هاووڵاتییان و ڕای گشتیی دڵنیا دەکەنەوە کە ئەو بابەتە دروستکراوە و ڕاست نییە.
هاوكات دكتۆر لاوه‌ند سه‌ردار، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاریی فێركاریی تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2024 له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه درا و پرۆسه‌كه تاوه‌كوو ئێستا له به‌شه جیاجیاكانی نه‌خۆشخانه‌كه به‌رده‌وامه.
دكتۆر لاوه‌ند سه‌ردار ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی نۆژه‌نكردنه‌وه پێویستی به كات هه‌یه و كاتێكیش به‌شێك نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه، ئه‌و به‌شه له كار ده‌كه‌وێت، تاوه‌كوو پرۆسه‌كه ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵام نه‌خۆشخانه‌كه به ته‌واوی ڕاناوه‌ستێت و خزمه‌تگوزارییه‌كانی له به‌شه‌كانی دیكه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاریی فێركاریی گوتیشی، چه‌ند كه‌س و كه‌ناڵێكی نابه‌رپرس هه‌واڵی چه‌واشه‌كارانه له‌باره‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاریی فێركاریی بڵاوده‌كه‌نه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی پشت به به‌ڵگه و لێدوان و ڕاگه‌یاندنی فه‌رمی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر و نه‌خۆشانه‌ی ڕزگاریی فێركاری وه‌ربگرن.
هەندێک کەناڵی لۆکاڵ و هەرزان ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه پڕوپاگه‌ندەی ناڕاست له‌باره‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاریی فێركاری بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، بە مەبەستی شێواندنی ڕاستییەکانی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەكه.
پێنجشه‌ممه، 24ـی ته‌ممووزی 2025، ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاریی ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه و تێیدا ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه، كه گوایه گاز له نه‌خۆشخانه‌كه نه‌ماوه و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیش وه‌ستاون.
ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، كاره‌كانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه به‌رده‌وامن، به‌تایبه‌تی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌رزكه‌ره‌وه (مه‌صعه‌د)ـه‌كان، سیستەمی فێنککەرەوە و چیلەر، خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان وەک نەشتەرگەری (ENT)، ڕاوێژکاری و فریاکەوتن.
ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاریی هاووڵاتییانی دڵنیا كردووه‌ته‌وه، نه‌خۆشخانه‌كه نادرێته كه‌رتی تایبه‌ت و ناكرێته تایبه‌تیش، به‌ڵكوو خزمەتگوزارییەکانی وەکوو کەرتی گشتیی بەردەوام دەبن.