لە ئیستانبوڵ، ئێران و ئەورووپا بۆ تاوتوێکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران کۆدەبنەوە

شاندێکی ئێرانی ئەمڕۆ هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، لە ئیستانبوڵ لەگەڵ نێردراوانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، لە کاتێکدا هەرسێ وڵاتی ئەورووپا هەڕەشەی دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن بەسەر کۆماری ئیسلامیدا.
ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا دەبێت لەدوای هێرشی 12ڕۆژە بۆ سەر ئێران لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران.
لای خۆیەوە سەرچاوەیەک ئەورووپا پشتڕاستی کردەوە، یەکێتیی ئەورووپا ئەڵمانیا، فەرەنسا، شانشینی یەکگرتوو، لەبارەی ئێران بژاردەیەکیان نییە، گوتیشی: لە کۆبوونەوەکەی ئیستانبوڵ ئێرانییەکان ئاگادار دەکرێنەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەورووپا ئامادەکاری دەکات بۆ چالاککردنی میکانیزمی سناپباک "ئەگەر نەگەیشتنە چارەسەری دانوستان"، داوای لە ئێرانییەکان کرد دەست بە هاریکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بکەنەوە.
لای خۆیەوە کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە دانوستانەکانی ئیستانبوڵ بەشداری لە کۆبوونەوەکە دەکات، گوتی: پەنابردن بۆ میکانیزمی سناپباک بە "تەواو ینایاساییە" و جەختی لەوە کردەوە وڵاتانی ئەورووپا "کۆتایی بە بەڵێنەکانیان هێنا" دوای ئەوەی ئەمەریکا لە ساڵی 2018لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە.
غەریب ئابادی، گوتیشی: "ئێمە ئاگادارمان کردنەوە، بەڵام هێشتا بەدوای خاڵی هاوبەشدا دەگەڕێین".
هەرسێ وڵاتی ئەورووپا لەگەڵ ئەمەریکا، چین و ڕووسیا، واژۆکارانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێرانن، لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر تاران، سنووردارکردنی بەرچاوی بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا سەپاند.
بەڵام ئەمەریکا لە ساڵی 2018، لە خولی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەشێوەیەکی تاکلایەنە لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سزای توندی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاندەوە. لەبەرامبەردا پاریس، لەندەن و بەرلین پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ساڵی 2015 و خواستی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لە بازرگانی لەگەڵ ئێران دووپاتکردەوە، بەمەش لە ئەگەری دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان یان ئەورووپا ڕزگاری بوو، بەڵام ئەم سێ وڵاتەی ئەورووپا ئێستا تاران بە جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانی تۆمەتبار دەکەن و هەڕەشەی دووبارە سەپاندنی سزاکان دەکەن بەپێی میکانیزمێک کە لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە.
ئەم میکانیزمە و ئەگەری سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر تاران، لە مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوودا کۆتایی دێت، ئەمەش شتێکە کە ئێرانییەکان بە هەر نرخێک بێت هەوڵی خۆپاراستنیان دەدەن.