ئێران..گوزەرانی خانەنشینان لە نێوان کەمیی مووچە و گرانیدا

دوو پیاوی خانەنشین لە پاركێکی تاراندا
دوو پیاوی خانەنشین لە پاركێکی تاراندا

خانەنشینانی ئێران، لەبەر کەمیی و دواکەوتنی مووچەکانیان، لە ژیانێکی سەخت و قەیرانێکی دارایی پشتشکێندا دەژین.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئیلنا، دۆخی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی خانەنشینان ئاڵۆزە؛ لەم دواییانەدا، بانگەشەی فرۆشتنی سەروەت و سامانی سندووقی هاوکاریی خانەنشینان، لە کۆمپانیاکانی شستا تا هۆڵدینگە گەشتیارییەکان، لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراوەتەوە؛ هەرچەندە شارەزایان دەڵێن ئەم ئاگادارییە تەنیا جێبەجێکردنی ئەرکی بەرنامەی حەوتەمی گەشەپێدانە، بەڵام خانەنشینان لەوە  نیگەرانن کە ئایا دەستەبەری کۆمەڵایەتی سەروەت و سامانەکانی دەفرۆشێت تاوەکوو مووچەی خانەنشینان پێ دابین بکات؟

نیشانەکانی قەیرانێکی جددی

خانەنشینان زۆر نیگەرانن، هێشتا مووچەی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە؛ لە لایەکی ترەوە، زیاتر لە 60 یان 70 لە سەدی خانەنشینان و مووچەخۆرانی ئەم سندووقە گەورەیەی خانەنشینی وڵات، کەمتر لە 17 ملیۆن تومەن مووچەی مانگانە وەردەگرن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کەمترین تێچووی ژیان گەیشتووەتە 50 ملیۆن تومەن. ئاستی خزمەتگوزارییە خۆشگوزەرانییەکان، قەرز و ئاسانکارییەکانیش دابەزیون؛ سەردانی پزیشک زۆر گران بووە و سەرەڕای بوونی بیمە، هێشتا خانەنشینان دەبێت بۆ دەرمان و چارەسەر، پارەیەکی زۆر بدەن.

لەم بارودۆخەدا، قەیرانی داڕمانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە واتای داڕمانی قورسی خانەنشینەکان دێت؛ کرێکارە شارەزا و پسپۆڕەکانی دوێنێ، کە بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ چەرخی ئەم وڵاتەیان بە ئارەقەی نێوچاوانیان گێڕاوە، ئێستا لەژێر گوشاری تێچووە زۆرەکانی ژیان و سەختییەکانی بژێویدا گیریان خواردووە و وادیارە دەستەبەری کۆمەڵایەتی یان حکوومەت، هیچ بەرنامەیەکیان بۆ چاککردنی بارودۆخەکە و دەرچوون لەم بنبەستە نییە. حکوومەت هێشتا نیازی نییە بەشێک لە قەرزەکانی خۆی بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بدات وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا دیاری کراوە، و بەردەوامیی ئەم دۆخە، خانەنشینانی جگە لە قەیرانی بژێوی، تووشی قەیرانی نایەکسانی و سەختییەکانی ژیان کردووە.

خەم و نیگەرانییەکانی خانەنشینان

ئەحمەد قاسمی، خانەنشینی کرێکاری و چالاکوانی سەندیکایی دەڵێت: "ئیتر مووچەکەمان بەشی 10 ڕۆژیش ناکات، بەڵام کێشەکەمان تەنها کەمیی مووچە نییە؛  ئێستا ئیتر کەس بە هانای ئێمەی خانەنشینانەوە نایەت کە سی ساڵ، بە دڵسۆزی و خۆبەختکردنەوە خزمەتی ئەم خاک و ئاوەمان کردووە."

ئەم خانەنشینە، کورتەیەکی ژیانی ڕۆژانەی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: پار، بەهۆی گرانی کرێی خانوو کە لەگەڵ مووچەی کەمی مندا نەدەگونجا، ناچار بووم لە تارانەوە بۆ فەردیسی کەرەج کۆچ بکەم و ئێستا نزیکەی دوو مانگە لە گەڕەکی وەحدەت نیشتەجێم. بەڵام لەم تەمەنەدا تووشی کێشەی زۆر بوومە؛ لێرە، بەداخەوە لە ڕۆژی یەکەمەوە یان ئاو نەبوو یان کارەبا؛ هەرچۆنێک بێت لەگەڵ ئەم بابەتەدا خۆمان ڕاهێنا.. بەڵام چەند شەو و ڕۆژێکە لە نێوان پازدە بۆ بیست و چوار کاتژمێر ئاو دەبڕێت؛ پەیوەندیم بە هەر لایەنێکەوە کردووە وەڵامێکی ڕاستم نادەنەوە و تەنیا دەڵێن "دەبێت بیگوزەرێنیت!"

چی بگوزەرێنم؟ چۆنی بگوزەرێنم؟ ژیان بە مووچەیەکی ژێر هێڵی هەژارییەوە یان بێئاویی 24 کاتژمێری؟! ئەگەر مووچەکەم زیاتر بوایە، ناچار نەدەبووم دوای تەمەنێک ژیان، لە تارانەوە کۆچ بکەم بۆ ئەم گەڕەکە بێخزمەتگوزارییە. شوێنێک کە 24 کاتژمێرە ئاوی بڕاوە! من تەنانەت ناتوانم پاکوخاوێنی کەسیی خۆم ڕابگرم؛ بە کام ئاو، لە تەمەنی پیریمدا فەرزە ئایینییەکانم بەجێ بگەیەنم."

ئەو جەخت دەکاتەوە لەوەی "خەم و نیگەرانی یەک و دوو نییە؛ گرانیی بێحساب و کتاب بەجێی خۆی؛ بێئاوی و بێکارەباییش بوونەتە هۆی زیادبوونی کێشەکان."

کەس ئاگەی لە خەمی ئێمە نییە

یەدوڵڵا فەرەجی، چالاکوانی سەندیکایی خانەنشینانی کرێکاری و سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی ئیسلامیی کارگەی جەنەراڵ ستیل، بارودۆخی ژیانی خانەنشینانی بە سەخت وەسف دەکات و دەڵێت: "ئێمە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر گوتمان کە خانەنشینان ئیتر ناتوانن گۆشت بکڕن؛ کەچی ئێمەیان بە ڕەشکردنی دیمەنەکە تۆمەتبار کرد! ئێوە خۆتان تەماشا بکەن، کاتێک مووچەی من وەک خانەنشینێک 14 ملیۆن تومەنە و نرخی کیلۆیەک گۆشت زیاترە لە یەک ملیۆن تومەن، چۆن دەتوانم لە سەبەتەی کڕینمدا گۆشت هەبێت؟! خانەنشینان بەڕاستی ناتوانن گۆشت بکڕن؛ خواردنیان دوای سی ساڵ کارکردن، لە زۆربەی کاتەکاندا، نان و هێلکە یان شۆربای تەماتەیە!"

ئەم خانەنشینە، ئاماژە بە نابەرپرسیارێتی حکوومەت لە بەرامبەر دۆخی نالەباری بژێوی کرێکارانی خانەنشین دەکات و دەڵێت: "لەم بارودۆخەدا، هێشتا مووچە دواکەوتووەکانی مانگی شوباتمان وەرنەگرتووە؛ هەفتەی یەک دوو جار، ناوەندی باڵای خانەنشینان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی و شارەزایانی ڕێکخراو کۆدەبنەوە؛ زۆر گفتوگۆ دەکەن و لە کۆتاییدا دەگەنە ئەو ئەنجامەی کە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا کاتی پێدانی دواکەوتووەکانی مانگی شوباتی خانەنشینان دیاری بکەن!"
فەرەجی بە تووڕەییەوە دەڵێت: بەڕێز سالاری، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی! بۆ بڕی پارەی دواکەوتووەکانی خانەنشینان چەندە؟ کە چوار مانگە دواتان خستووە؟ مەگەر زیاترە لە 3 یان 4 ملیۆن تومەن ئەوەش دەکاتە نرخی سێ کیلۆ گۆشت!"

مووچەی دواکەوتووی خانەنشینانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە ئەمڕۆ لە دابینکردنی سادەترین پێداویستییەکانی ژیاندا دەستەوەستانن، بەشێکی زۆر بچووکی قەرزی حکوومەتە بەم سندووقە؛  مووچەی دواکەوتووی هەر خانەنشینێک دوای چوار مانگ چاوەڕوانی، پارەی 3 یان 4 کیلۆ گۆشتە، بەڵام حکوومەت ئامادە نییە تۆزقاڵێکی بچووک لە دەریای قەرزەکانی خۆی بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بدات، تا خانەنشینێک کە تووشی هەزار کێشە و بێئاوی و بێکارەبایی بووە، بتوانێت لانیکەم دەرمانەکانی خۆی یان هاوسەرەکەی بکڕێت.

 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment