عراقچی: ئەمەریکا یان ئیسرائیل هێرش بکەنەوە سەرمان، ئەوا بە توندی وەڵام دەدەینەوە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا لەوەی وڵاتەکەی وەڵامی "یەکلاکەرەوەتر" دەداتەوە ئەگەر ڕووبەڕووی هێرشی نوێی ئەمەریکا یان ئیسرائیل بێتەوە.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەلایەتی ئێکس نووسیویەتی؛ "ئەگەر هێرشی دووبارە بکرێتەوە سەر ئێران، بێ گومان وەڵامێکی یەکلاکەرەوەتر دەدەینەوە".

دەشڵێت: ئەگەر پلان ئەوە هەبێت بەرنامە ئەتۆمییەکەمان بۆ مەبەستی نائاشتیانە لە ناو ببرێت، ئەوا بژاردەی سەربازی کاریگەرمان هەیە، بەڵام چارەسەر دانوستانە.

عراقچی وەڵامی ئەو هەڕەشانەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپی دایەوە، کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ سکۆتلەندا، گوتی: "ئێمە توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەناوبردووە، دەتوانن سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە، بەڵام ئەگەر دەستپێبکەنەوە، ئەوا ئێمە لە چاو تروکانێکدا لەناویان دەبەین".

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی، سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندان باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment