کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا سێشەممە کۆدەبێتەوە

بڕیار وایە رۆژی سێشەممەی داهاتوو یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیسۆنی پەرلەمانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بەڕێوەبچێت.
ئەمڕۆ هەینی، 1ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا، سێشەممەی داهاتوو یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، ئەندامانی کۆمسیۆنی بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کردووە، رایگەیاندووە، کاتژمێر 11:00ی بەیانی ڕۆژی سێشەممە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیسۆن بەڕێوەدەچێت.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، دوای گوتاری دەستپێکی کۆبوونەوە کە لەلایەن نوێنەری پارتە سیاسییەکانەوە پێشکەشدەکرێت. ڕێکار و بنەمای کارکردن و ناوی کۆمیسیۆنەکە دیاری دەکرێت.
ناوی نوێنەری لایەنەکان بۆ کۆمسیۆنەکەی پەرلەمانی راگەیەنراوە.
کۆمیسۆنەکە پێشنیاز دەکەن یاسایەک دەربچێت بە ناوی ‘یاسای چەک دانان.’ کە پرۆسەی چەکدانان و چارەنووسی چەکدارانی پەکەکە یەکلا دەکاتەوە و چاوەڕێش دەکرێت لەگەڵ جێبەجێکردنی یاساکە سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێت.
هەفتەی ڕابردوو نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە نووسراوێکی فەرمی لایەنە سیاسییەکانی ئاگادار کردەوە، تا کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، کاتیان لەبەردەستە، ناوی ئەندامەکانیان پێشکەش بکەن بۆ کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان کە 51 ئەندامی بۆ دەستنیشان کراوە.
ژمارەی ئەندامانی لایەنەکان لە نێو کۆمیسیۆنەکە بەم شێوەیە دیاری کراون:
1. پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی): 21 ئەندام.
2. پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە): 10 ئەندام.
3. پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی): چوار ئەندام.
4. پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە): چوار ئەندام.
5. ئیی پارتی: سێ ئەندام.
6. هاوپەیمانیی یەنی یۆل (لە سێ فراکسیۆن پێکهاتووە): سێ ئەندام.
7. ئەو پارتانەی فراکسیۆنیان لە نێو پەرلەمان نییە: یەک ئەندام.