دیاردەی ڕۆچوونی زەوی، هەڕەشە لە ژینگە و کشتوکاڵی ئێران دەکات

750 شار و 9 هەزار و 200 گوند، کە بە گشتی 40 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئێرانیان تێدا دەژین، دەکەونە ئەو ناوچانەی کە مەترسیی ڕۆچوونی زەوییان لەسەرە.
شەممە،2ـی ئاب، عەلی بەیتوڵڵاهی، ئەندامی دەستەی زانستیی ناوەندی توێژینەوەی ڕێگاوبان، نیشتەجێبوون و شارسازی، بە ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا'ی ڕاگەیاند "دیاردەی ڕۆچوونی زەوی پەیوەندیی بە ئاوی ژێر زەوییەوە هەیە؛ بە واتایەکی تر، چەند ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە چینەکانی خوارەوەی زەوی نزم ببێتەوە، بە هەمان ڕادە دیاردەی ڕۆچوونی زەویش زیاد دەکات."
بەیتوڵڵاهی ئاماژەی بەوەش کرد "کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی لە ئێران، لە دەیەی 1970 دەستی پێ کرد و یەکەمین نیشانەکانی ڕۆچوونی زەوی لە دەوروبەری ڕەفسەنجانی کرمان تۆمار کرا. دواتر، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدی سەدەی ڕابردووەوە، کەمبارانی و نەبارینی ڕێژەی سروشتی بەفر، بوونە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی؛ جگە لەوەش تاوەباران و لافاوی لە ناکاو هیچ سوودێکیان بۆ ئاوی ژێرزەوی نابێت و بە پێچەوانەوە دەبنە هۆی داخستنی ئەو درز و کەلێنانەی کە ڕێڕەوێکی سروشتی چوونەخوارەوەی ئاون."
ئەم ئەندامەی دەستەی زانستیی ناوەندی توێژینەوەی ڕێگاوبان، نیشتەجێبوون و شارسازی، گوتی: کەمبوونی ئاوی ژێر زەوی دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی گەورە لە چینەکانی ژێر زەویدا و لە ئەنجامی ئەوەشدا زەوی ڕۆدەچێت. ئەمە دیاردەیەش زیاتر لە شار و ناوچە پیشەسازیی و قەرەباڵغەکاندا ڕوو دەدات.
بەیتوڵڵاهی گوتی: بەو پێیەی هاوسەنگی لە نێوان ڕێژەی باران و بە کارهێنانی ئاودا نییە، لە ماوەی ڕابردوودا نزیکەی 140 ملیار مەتر سێجا ئاومان لەدەست داوە. هەروەها ساڵانە بە تێکڕایی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە ناوچەکانی وڵاتدا نزیکەی 60 سانتیمەتر کەم دەکات، ئەم ڕادەیە لە هەندێک ناوچەدا دەگاتە 1.5 مەتر."
ناوبراو هەروا گوتی: بەهۆی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی و کەمیی و گۆڕانی شێوازی باران لە بارانی لەسەرخۆ و بەردەوامەوە بۆ تاوەبارانی کورت و لافاو، دیاردەی ڕۆچوونی زەوی لە وڵاتدا پەرەی سەندووە و ئێستا لە هەموو پارێزگاکانی وڵات، جگە لە پارێزگای گیلان، ئەم دیاردەیە بەدی کراوە؛ هەرچەندە پێم وایە لە یەک دوو ساڵی داهاتوودا لەم پارێزگایەشدا ڕۆچوونی زەوی دەست پێ دەکات.
ڕۆچوونی زەوی دیاردەیەکی مرۆڤکردە و کۆنترۆڵ دەکرێت
ئەندامی دەستەی زانستیی ناوەندی توێژینەوەی ڕێگاوبان، نیشتەجێبوون و شارسازی، ڕایگەیاند "بەو پێیەی ڕۆچوونی زەوی لە بنەڕەتدا مەترسییەکی مرۆڤکردە، بۆیە کۆنترۆڵ دەکرێت و ئەزموونە سەرکەوتووەکان لە چەندین وڵاتدا ئەوە دەسەلمێنن. بۆ نموونە، لە ژاپۆن، لە دەشتی تۆکیۆ تا 12 سانتیمەتر ڕۆچوونی زەوی تۆمار کرابوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە سفر. هەروەها لە شەنگەهای و تیانجینی چین، لە تایوان، ئەندەنوسیا و ئەمەریکا، ڕێکارە زانستییەکان بوونەتە هۆی کۆنترۆڵکردنی ڕۆچوونی زەوی."
بەیتوڵڵاهی گوتی: ئێمە دەبیت بە گرتنەبەری ڕێکاری وەک کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی، ڕێگریی لە لێدانی بیری قووڵ، کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی بێسنووری ئاو، چاندنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی کەمتر پێویستیان بە ئاو هەیە و کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی ئاو لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیدا ڕێگریی لە دیاردەی ڕۆچوونی زەوی بکەین."
ناوبراو هەروا گوتی : بەپێی گوتەی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ، نزیکەی 30%ـی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان بە ڕێژەیەکی زۆر ئاو بەرهەم دەهێنرێن، کە بە تێکڕا لە نێوان 200 لیتر تا 15 هەزار لیتر ئاو بۆ یەک کیلۆگرام لە بەرهەمە کشتوکاڵی و ئاژەڵییەکاندا بەکاردەهێنرێت کە ئەمەش بەفیڕۆدانێکی بەرچاوی ئاوە.
ئەندامی دەستەی زانستیی ناوەندی توێژینەوەی ڕێگاوبان، نیشتەجێبوون و شارسازی، ئاماژەی بەوە دا " زۆریی ژمارەی دانیشتووانی شارەکان و بەکارهێنانی لەڕادەبەدەر و بێبەرنامەی ئاو و فراوانیی ناوچە پێشەسازییەکان، هۆیەکی سەرەکی دیاردەی ڕۆچوونی زەوین لە شارەکاندا؛ بەڵام لە گوند و ناوچە کشتوکاڵییەکاندا، بەکارهێنانی ڕێژەیەکی زۆر ئاو بۆ کشتوکاڵ و لێدانی بیری قووڵ، ڕۆچوونی زەویان زیاد کردووە."
بەیتوڵڵاهی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: دەبێت حکوومەت هەنگاوی جددی و بەپەلە بۆ ڕێگریی لەم دیاردەیە بگرێتە بەر، چونکە ئێستا نزیکەی 40 ملیۆن هاووڵاتی ئێرانی لەسەر ئەو ناوچانە دەژین، کە مەترسی ڕۆچوونی زەوییان لەسەرە. بێگومان ئەمەش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ژینگە و کشتوکاڵ و ژیانی هاووڵاتییان.