دلۆڤان محەممەد داوا لە میدیاکان دەکات ڕۆڵیان لە هۆشیارکردنەوەی دایکاندا هەبێت

دلۆڤان محەممەد
دلۆڤان محەممەد

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر داوای لە میدیاکانی کوردستان کرد، ڕۆڵیان لە هۆشیارکردنەوەی دایکان بۆ پێدانی شیری سروشتی خۆیان بە منداڵەکانیان هەبێت، لەبەر ئەوەی گەشەیان خێرا دەکات و بەرگریی لەشیان بەهێز دەکات.

دووشەممە 4ـی ئابی 2025، دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە هەفتەی پێدانی شیری سروشتی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر ڕایگەیاند: لە جیهان، لە 1ـی ئابەوە تاکوو 7ـی ئاب، هەفتەی گرنگیپێدانی شیرپێدانی سروشتی بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بە گرنگیی شیری دایک کرد لە پێکهاتە خۆراکییەکانی بۆ تەندروستی ئەو منداڵانەی تازە لەدایک دەبن، گوتی: شیری سروشتی دایک بەرگریی لەشی منداڵ زیاد دەکات و گیانی دەپارێزێت، هاوکات گەشەی خێراتر دەکات.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند: ساڵانی ڕابردووش هەفتانەی شیردانی سروشتی بەڕێوەچووە، بەراورد بە ڕۆژانی دیکە کە کراونەتە ڕۆژی جیهانی، ڕۆژی جیهانی شیردانی سروشتی هەفتەیەکی بۆ تەرخانکراوە، ئەمەش واتای ئەوەیە، شیردانی سروشتی گرنگییەکی زیاتری هەیە بەراورد بە بابەتەکانی دیکە.

دەڵێت: ئێمە پلانمان بۆ شیردانی سروشتی هەیە و دەمانەوێت گرنگیی زیاتری پێ بدرێت، گرنگیدانەکەش تەنها بۆ ئەم هەفتەیە نییە، بەڵکو بۆ تەواوی ڕۆژەکانی ساڵە، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر داوی لە میدیاکان و سۆشیال میدیا و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی کرد، ڕێنمایی زیاتر  بە دایکان و ئافرەتانی دووگیان بدەن، پاش ئەوەی منداڵەکانیان لەدایک دەبن، گرنگیی زۆر بە شیردانی سروشتی بدەن، چونکە بەهیچ شێوەیەک شیری قوتو، جێگرەوە نییە بۆ شیری دایک کە پێکهاتەیەکی خۆراکیی تایبەتی هەیە، سوودی بۆ منداڵەکە و دایکەکەش دەبێت.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی پێداگریی لە شیردانی سروشتی بە منداڵان لە تەمەنی شەش مانگی بۆ تەمەنی دوو ساڵ دەکات و دەڵێت: پێویستە بەردەوام بێت، بۆ هەفتەی شیردانی سروشتیش، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی داوا لە دایکان دەکات، شیری سروشتی خۆیان بە منداڵەکانیان بدەن و ئاماژەی بەوە کردووە، شیری دایک لە کۆتایی ڕۆژەکانی بەر لە دایک بوونی منداڵ دروست دەبێت، دەشڵێت: شیری دایک خۆراکێکی کەم وێنەیە بۆ ئەو منداڵانەی تازە لەدایک دەبن کە پێویستە هەر منداڵێک لەگەڵ لەدایک بوونی، پێی بدرێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment