دیندار شەریف: سەنتەری پێست لە کوردستان دەتوانێت چارەسەری هەموو نەخۆشییەک بکات

ئەمڕۆ دووشەممە، 2025، د. دیندار شەریف، بەڕێوەبەری سەنتەری فێرکاری هەولێر بۆ نەخۆشییەکانی پێست، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم سەنتەرە حکوومییە سەر بە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لەم سەنتەرە هەموو جۆرەکانی نەخۆشی پێست چارە دەکرێت، جا پشکنینی تاقیگەیی یاخود کلینکی بێت.

بەڕێوەبەری سەنتەری فێرکاری هەولێر بۆ نەخۆشییەکانی پێست، دەڵێت: ئەو پسپۆڕانەی لێرە کاردەکەن، جگە لەوەی کە پلەکەیان ڕاوێژکارییە، مامۆستای زانکۆشن لە زانکۆی هەولێری پزیشکی، ئەوەش دەرفەتێکی گەورەیە بۆ چارەخوازان کە دێن بۆ ئێرە بۆ چارەسەر، چونکە لێرە چارەسەری تایبەتی بۆ نەخۆشییەکەیان دەکرێت.

دەشڵێت: بە شێوەیەکی گشتیی لەم سەنتەرە بۆ چارەسەر، جۆری چارەسەری بەدەرمان و کرێمات و تیشک و لێزەر کە بەشێکی نوێیە کراوەتەوە لە ناو نەخۆشخانەکەدا دەکرێت، لەگەڵ چارەسەری نەشتەرگەری بەشێوەیەکی سەردەمیانە. 

دیندار شەریف ڕاشیگەیاند، چارەسەری نەشتەرگەری زیاتر بۆ قۆناغەکانی سەرەتای بۆ نەخۆشانی شێرپەنجەی پێستە، ڕۆژانی پێنجشممان تەرخان کراوە بۆ ئەو حاڵەتانە، بەمەش لە عێراق تاکە سەنتەرە بتوانێت چارەسەر ئەو نەخۆشانە بکات لە قۆناغەکانی جیاوازەکاندا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment