بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.4 پلەی ڕێختەر ئێرانی هەژاند

ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.4 پلەی ڕێختەر لە ناوچەی 'زێهکلوت'ـی سەر بە پارێزگای کرمان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانی هەژاند، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئاماژە بە زیانی گیانی نەکراوە.
ناوەندی بومەلەرزەزانی سەربە پەیمانگای جیۆفیزیکی زانکۆی تاران بڵاوی کردەوە، بوومەلەرزەکە کاتژمێر 8:36 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، بە قوڵایی 28 کیلۆمەتر لە ژێر زەوی ڕوویداوە.
بەرپرسانی ناوخۆیی ڕایانگەیاندووە، دانیشتوانی نزیک ناوچەکە هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە و بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ، لە هەمان کاتدا تیمەکانی فریاکەوتن دەستیان بە هەڵسەنگاندنی مەیدانی کردووە، بۆ ئەوەی زیانە ئەگەرییەکانی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون بکەن.
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر بوومەلەرزە لە ئێران ڕوودەدات، کە هەندێکیان کارەساتی مرۆیی گەورەیان لێکەوتووەتەوە.