ڕێڕەوی زەنگەزوور، هەڕەشە لە پێگەی ستراتیجیی ئێران دەکات

ئێران هۆشدارییەکی توند ئاراستەی تورکیا، ئازەربایجان و ئەمەریکا دەکات ئەگەر هەوڵی زیندووکردنەوەی پلانی ڕێڕەوی 'زەنگەزوور' بدەن؛ جەختیشی کردەوە کە هەر هەوڵێک بۆ بەدیهێنانی ئامانجی نایاسایی لە ناوچەکەدا، ڕووبەڕووی وەڵامێکی توندی ئێران دەبێتەوە.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ڕایگەیاند "هەندێک حکوومەتی خۆبەزلزان، کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ناوچەکە پشتگوێ دەخەن، جارێکی تر پرسی ڕێڕەوی زەنگەزووریان هێناوەتەوە ئاراوە و بە جددی هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نایاساییەکانیان لە باشووری قەوقاز دەدەن"
ویلایەتی لە پۆستەکەیدا جەختی کردەوە "هۆشداری دەدەینە هەر حکوومەتێک، چ لە ناوچەکەدا بێت یان لە دەرەوەی، لەوەی هەوڵی دووبارەکردنەوەی ئەزموونە شکستخواردووەکانی پێشوو سەبارەت بە ڕێڕەوی زەنگەزوور بدەن، چونکە ئێران بە توندی وەڵامی هەر هەوڵێکی لەم جۆرە دەداتەوە."
ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشتر لە وتارێکدا، کە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردبووەوە، گوتبووی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەپشت داواکارییەکانی ئازەربایجانەوەیە بۆ زیندووکردنەوەی پرۆژەی ئەوەی پێی دەگوترێت 'ڕێڕەوی زەنگەزوور' ئێمە دەزانین ئامانجی سەرەکیی ئەوان لاوازکردنی بەرەی مقاوەمە و پچڕاندنی پەیوەندیی ئێرانە بە قەوقازەوە، ئەمە جگە لە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر دەروازە وشکانییەکانی باکووری ئێران و باشووری ڕووسیا.
ویلایەتی هەروەها گوتبووی: ئەم پرۆژەیە تەنها بەشێک نییە لە ستراتیجیی ئەمەریکا بۆ گواستنەوەی فشار لە ئۆکرانیاوە بۆ قەوقاز، بەڵکو لەلایەن ناتۆ و هەندێک بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی تورکییەوە پشتیوانی لێ دەکرێت.
ئێران ئەم پرۆژەیە لە ڕێگەی سیاسەتیی ڕێگریی چالاکانە، لە بری کاردانەوەی نەرێیی، پووچەڵ دەکاتەوە.
ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی وتارەکەیدا ڕایگەیاندبوو"لەم ساڵانەی ئەم دواییەدا، هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە هەوڵیان داوە بە بیانووی وەک دروستکردنی 'ڕێڕەوی ئابووری' لە ئەرمینیا، پێکهاتەی ڕەسەن و ئیسلامیی پارێزگاکانی تەورێز، ورمێ و ئەردەبیل بخەنە ژێر مەترسییەوە. هەرچەند ئامانجی سەرەکیی ئەم پلانانە، ئامادەکارییە بۆ دزەکردنی ناتۆ بۆ قەوقازی باشوور، دەریای خەزەر، ئاسیای ناوەڕاست و تورکستانی ڕۆژهەڵات، ئەمەش سیناریۆیەکە کە هەندێک لە سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا و پان تورکیستەکانی تورکیاش بە ڕاشکاوی دانیان پێدا ناوە."
ویلایەتی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتبووی: ئەمڕۆش دوژمنان بە هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی پلانی 'ڕێڕەوی زەنگەزوور'، لە ژێر ناوی گەشەپێدانی ئابووریدا، هەڕەشە لە یەکێتیی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکی ئێران دەدەن. ئەم پلانە کە لە سەردەمی ئیدارەی بایدن، بە ناونیشانی "ئەڵتەرناتیڤی ئۆکرانیا" هاتە ئاراوە، بە مەبەستی گەمارۆدانی هاوکاتی ڕووسیا لە باشوور و ئێران لە باکوورە؛ بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای ساڵی 2021ـەوە، بە ڕاشکاوی و لە بەرزترین ئاستدا، دژایەتیی خۆی بۆ ئەم پرۆژەیە ڕاگەیاند و بە جێگیرکردنی هێزی سەربازی لەسەر سنوورەکانی کۆماری ئازەربایجان و بەڕێوەبردنی مانۆرێکی سەربازیی بەرفراوان، پەیامێکی ڕوونی دایە دوژمنان.
ڕێڕەوی زەنگەزوور چییە و بۆچی ئێرانی نیگەران کردووە؟
ڕێڕەوی زەنگەزوور، لە ئەگەری دروستبوونیدا، کۆماری ئازەربایجان لە ڕێگەی پارێزگای سیونیکی ئەرمینیاوە بە کۆماری خۆبەڕێوەبەریی نەخچەوانەوە دەبەستێتەوە. درێژیی ئەم ڕێڕەوە بە نزیکەی 43 کیلۆمەتر مەزەندە دەکرێت.
پلانی دروستکردنی ئەم ڕێڕەوە دوای جەنگی دووەمی ناگۆرنۆ قەرەباغ لە ساڵی 2020، بە شێوەیەکی جددی لەلایەن ئازەربایجان و تورکیاوە خرایە ڕوو. ئەرمینیا هەمیشە دژی ئەم پلانە بووە و بە لادان لە بەیاننامەی سێ قۆڵیی ئاگربەستی دەزانێت.
گرنگیی جیۆپۆلەتیکی و ئابووری
ڕێڕەوی زەنگەزوور، بۆ ئازەربایجان و تورکیا گرنگییەکی ستراتیجیی بەرزی هەیە، چونکە لە لایەکەوە دەستڕاگەیشتنی بێکۆسپی کۆماری ئازەربایجان بە نەخچەوانەوە دابین دەکات بەبێ ئەوەی پێویست بکات بە ناو خاکی ئێراندا تێپەڕ ببێت. هەروەها، ڕاستەوخۆ تورکیا بە کۆماری ئازەربایجانەوە دەبەستێتەوە و لە داهاتوودا دەبێتە هۆی فراوانبوونی هەژموونی تورکیا لە ناوچەکەدا، کە ئەمەش بێگومان، لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە.
لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، ئەم ڕێڕەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی گواستنەوە و هاتوچۆ لە نێوان کۆماری ئازەربایجان و نەخچەوان؛ هەروەها دەتوانێت پێگەی ئازەربایجان وەک ناوەندێکی ترانزێت، بەهێز بکات.
ڕێڕەوی زەنگەزوور، وەک ئەڵقەی ونبووی ڕێڕەوی ناوەڕاست (ڕێڕەوی گواستنەوەی نێودەوڵەتیی ترانس-کاسپیەن)یش سەیر دەکرێت. چونکە چین و ئاسیای ناوەڕاست ڕاستەوخۆ ئەورووپاوە دەبەستێتەوە و تا ڕادەیەک دەبێتە هۆی لاتەریکخستنی ئێران و ڕووسیا و یارمەتیی زیادکردنی یەکپارچەیی ئابووریی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست لەگەڵ ئابووریی جیهانیدا دەدات.
دژایەتی و نیگەرانییەکان
ئەرمینیا بە توندی دژی پلانی ئەم ڕێڕەوەیە چونکە بە هەڕەشەیەک بۆ سەر سەروەریی وڵاتەکەی لە قەڵەم دەدات. ئێرانیش یەکێکە لە دژبەرە سەرسەختەکانی ئەم پلانە، چونکە بە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و ئاسایشی خۆی دەزانێت. دروستکردنی ئەم ڕێڕەوە دەبێتە هۆی پچڕانی سنووری مێژوویی و ستراتیجیی نێوان ئێران و ئەرمینیا. هەروەها، ئەم پلانە دەتوانێت ڕۆڵی ترانزێتیی ئێران لە ناوچەکەدا لاواز بکات.
هەندێک لە شارەزایانی ئابووری و سیاسی ناوچەکە، ڕێڕەوی زەنگەزوور بە پلانێکی 'پان تورکیست' دەزانن کە بە ئامانجی گۆڕینی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە پەیڕەو دەکرێت. نیگەرانییەکانیش لەبارەی زیادبوونی هەژموونی تورکیا و ناتۆ لە ناوچەی قەوقازی باشووردا هەن. ڕووسیاش سەرەڕای پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ئازەربایجان، بەهۆی نیگەرانیی لە کەمبوونەوەی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا، بە هۆشیاریی و تا ڕادەیەک ترسەوە، مامەڵە لەگەڵ ئەم پلانەدا دەکات.
دۆخی ئێستا و داهاتوو
لە گفتوگۆی سێ قۆڵیی نێوان ئەرمینیا، ئازەربایجان و ڕووسیا لە ساڵی 2021، ئەرمینیا ئارەزووی خۆی بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵە شەمەندەفەرەکانی سەردەمی سۆڤیەت دەربڕی. ئازەربایجان ئەمەی وەک ڕەزامەندیی ئەرمینیا بۆ ڕێڕەوی زەنگەزوور لێک دایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە باس لەسەر لابردنی ئابڵۆقەی پەیوەندییە هەرێمییەکانە نەک دروستکردنی ڕێڕەوێک.
کۆماری ئازەربایجان دەستی بە پرۆژەی بیناسازیی بەرفراوان لە خاکی خۆیدا کردووە و وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی ڕێڕەوی زەنگەزوور ناساندوویەتی. لە بەرانبەردا، ئێران و ئەرمینیاش لەسەر دروستکردنی ڕێڕەوی جێگرەوە، لەوانە ڕێڕەوی باکوور-باشوور، ڕێک کەوتوون.
داهاتووی ڕێڕەوی زەنگەزوور بە شێوەیەکی بەرچاو بە گۆڕانە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە و هاوسەنگیی هێز لە نێوان ئەکتەرە هەرێمی و دەرەکییەکانەوە بەندە. ئێستا، وا دەردەکەوێت کە جێبەجێکردنی ئەم پلانە ڕووبەڕووی بەربەستی جیددی بووەتەوە. هەڵوێستی توندی ئێران و ئەرمینیا و هەروەها تێبینییەکانی ڕووسیا، لەو بەربەستانە هەژمار دەکرێن.
هەندێک شیکەرەوە پێیان وایە کە ئەم پلانە لە کۆتاییدا بە شێوەیەکی هەموارکراو و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان جێبەجێ دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێکی تر پێیان وایە کە ئەم پلانە بە تەواوی وەلا دەنرێت.
پەرەسەندنە نوێیەکان، لەوانە کۆبوونەوە ڕاستەوخۆکانی نێوان سەرکردەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان، نیشانەی ئارەزووی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکانن. لەگەڵ ئەوەشدا، ناکۆکییە قووڵەکان لەسەر سروشت و سەروەریی ئەم ڕێڕەوە هەروا ماونەتەوە. لە دوایین پەرەسەندنەکاندا، بەرپرسانی ئێران، جارێکی تر، جەختیان لەسەر دژایەتیی توندی خۆیان بۆ هەر جۆرە گۆڕانێک لە سنوورەکانی ناوچەکەدا کردووەتەوە.