بەڕێوەبەری سامانی ماسی: کارەبای 24 کاتژمێری سوودی زۆری بۆ پرۆژەکانی حەوزی ماسی هەیە

گەورەترین پرۆژەی بەخوێکردنی ماسی لە پارێزگای دهۆک، وێنە: هەیسەم زاوێتەیی، کوردستان 24
گەورەترین پرۆژەی بەخوێکردنی ماسی لە پارێزگای دهۆک، وێنە: هەیسەم زاوێتەیی، کوردستان 24

بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژە بەوە دەکات، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 14 هەزار دۆنم زەوی بۆ پرۆژەکانی بەخوێکردنی ماسی تەرخانکراوە، هەروەها زیاتر لە 300 پرۆژەی حەوزی ماسی لە هەرێم هەن. 

بێستوون بەکر، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پرۆژەی ڕووناکی سوودی زۆری بۆ خاوەن پرۆژە کشتوکاڵییەکان هەیە بەتایبەتی خاوەن پرۆژەکانی حەوزی ماسی لە هەرێمی کورستان.

بەڕێوەبەری سامانی ماسی گوتی: ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری خاوەن پرۆژەکان پەیوەندیمان پێوەدەکەن بۆ ئەوەی ڕێککارەکانی ڕاکێشانی کارەبای 24 کاتژمێری ئەنجام بدەن، بۆ ئەمەش وەزارەتی کشتوکاڵ لەگەڵ وەزارەتی کارەبا هەماهەنگە و هەموو کارئاسانییەکی بۆ هاووڵاتییان کردووە، هەروەها ئێمە داوا دەکەین حکوومەتی هەرێم کارەبای 24کاتژمێری بگەیەێندرێتە دەورووبەری شارەکانیش.

بێستون بەکر ئاماژەی بەوە دا، پرۆژەکانی ماسی بەتایبەتی لە شەوان پێویستیان بە کارەبای زیاتر هەیە، چونکە شەوان ئۆکسجین کەم دەبێتەوە و کارەبای بەردەوامی پێویستە.

لە هەرێمی کوردستان  زیاتر لە 14 هەزار دۆنم زەوی بۆ پرۆژەکانی بەخوێکردنی حەوزی ماسی تەرخانکراوە و لە چەند شوێنێک ژمارەیەکی زۆری پڕۆژەی ماسی هەن، لەوانە: شارۆچکەی تەق تەق، شارەدێی سێگردکان، شارەدێی رزگاری، شارەدێی ئاشتی.

هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کورستان زیاتر 300 پڕۆژەی حەوزی بەخێوکردنی ماسی لە ھەرێم هەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment