15 قوتابیی زانکۆیەکی هەولێر لە ژمارەیەک زانکۆی وڵاتانی عەرەبی مەشقی هاوینەیان کرد

15 قوتابیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە ژمارەیەک زانکۆی وڵاتانی عەرەبی مەشقی هاوینەیان ئەنجام دا. چەندان قوتابی ئەو زانکۆیانەش، لە هەرێمی کوردستان، مەشقەکەیان کرد.
لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی قوتابییان لە نێوان زانکۆکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی، بۆ ئەمساڵی خوێندن، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر 15 قوتابیی لەسەر ئاستی بەشە جیاوازەکانی کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکییەکان بۆ ئەنجامدانی مەشقی هاوینە ڕەوانەی چەند وڵاتێکی عەرەبی کرد و میوانداریی هەشت قوتابی لەو زانکۆیانە کرد.
سەرمەند بەرزنجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لەم چوارچێوەیەدا، 12 قوتابی زانکۆمان ڕەوانەی زانکۆی میسر بۆ زانست و تەکنەلۆجیا و دوو قوتابی بۆ زانکۆی ئوردنییە لە وڵاتی ئوردن و یەک قوتابی بۆ زانکۆی سەحار لە عوممان کرد."
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر باسی لەوەش کرد، هاوکات زانکۆکەیان میوانداریی هەشت قوتابیی ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی کرد کە لە زانکۆکانی (نەجاحی فەڵەستینی، عەرەبی ئەمریکی لە فەڵەستین، زانکۆی فەڵەستینی ناحکوومی، زانکۆی تەکنیکی فەڵەستین، زانکۆی ئەلسەعید لە یەمەن و زانکۆی جەبلە بۆ زانستی پزیشکی و تەندروستی لە یەمەن و زانکۆی سەحار لە سوڵتاننشینی عوممان) هاتبوون و مەشقی هاوینەیان لە زانکۆکە ئەنجامدا.
وەک سەرمەند بەرزنجی ئاماژەی پێ دا، ماوەی چەند ساڵێکە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشێوەیەکی کارا بەشداریی لە پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی قوتابیان لە نێوان زانکۆکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی دەکات و ساڵانە ژمارەیەک قوتابی بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئەرووپی دەنێرێت و میوانداریی ژمارەیەکی دیکەیش دەکات.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر "بۆ ئەمساڵیش پلانی وەرگرتنی 26 قوتابیمان هەبوو لەگەڵ ناردنی 24 قوتابی زانکۆمان، بەڵام بەهۆی پێشهاتەکانی جەنگی نێوان ئیسرائیل – ئێران و پێشهاتەکانی ناوچە بەشێک لەو پڕۆگرامە هەڵوەشایەوە."
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد "ئامانج لە بەشدارییکردنی کارای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەم پڕۆگرامە، جگە لە بابەتی زانستی و بەشێک لە پڕۆگرامی خوێندن، هاوکات ناساندنی کولتوور و زمانی کوردییە بە وڵاتانی عەرەبی و نیشاندانی پێشکەوتنەکانی کوردستان و نموونەی جوانی پێکەوەژیانی ئاشیانەی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانیشە کە نموونەیەکی جوانی ناوچە و جیهانە."
هاوکات لەگەڵ پڕۆگرامی زانستی، قوتابییانی میوان چەندان گەشتیان بۆ ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بۆ ئەنجامدرا و شوێنەوارەکانی کوردستانیان پيناسێندرا.