ترەمپ: ئەگەری ئاگربەستی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە دەستی ڤلادیمێر پوتنە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەگەری ئاگربەست لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە دەستی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیادایە.
ترەمپ ئامادەیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ پوتن دەربڕی، تەنانەت ئەگەر پوتن ڕەتیبکاتەوە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کۆببێتەوە.
پەیامنێران لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ پرسیاریان لە ترەمپ کرد کە ئایا پێویستە پوتن سەرەتا لەگەڵ زێلێنسکی کۆببێتەوە، سەرۆکی ئەمەریکا وەڵامی دایەوە، "نا، مەرج نییە، نەخێر". گوتی: "ئەوان دەیانەوێت لەگەڵم کۆببنەوە، منیش ئەوەی لە توانامدا بێت دەیکەم بۆ ئەوەی شەڕەکە بوەستێنم".
پوتن ڕۆژی چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، ڕایگەیاند، لە ڕووی مەبدەئیەوە دژی کۆبوونەوەی لەگەڵ زێلێنسکی هاوتا ئۆکراینییەکەی نییە و جەختی لەسەر پێویستی دروستکردنی هەلومەرجی گونجاو کردەوە.
پوتن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "چەندان جار وتوومە کە من بێزارکەرنیم 'کۆبوونەوەیەک لەگەڵ زێلێنسکی'، ئەگەری هەیە، بەڵام پێویستی بە هەندێک مەرج هەیە.
ڕوونیشی کردەوە، کۆبوونەوەی داهاتووی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بەرژەوەندی هەردوو لایەنی وەرگرتووە.
لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بەوەی کێ دەستپێشخەری پێشنیازی لوتکەکەی کردووە، سەرۆکی ڕووسیا گوتی: "هەردوولا ئارەزووی خۆیان نیشانداوە، چیتر گرنگ نییە کێ سەرەتا بیرۆکەکەی پێشنیاز کردووە".
پوتن ڕایگەیاند، ڕەنگە ئیمارات میوانداری لوتکەی پلان بۆ داڕێژراوی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ بکات.
پێشتریش یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکایەتی ڕووسیا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا پێشنیازی ئەگەری کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیی نێوان پوتن و ترەمپ و زێلنسکیی کردووە. بەڵام لایەنی ڕووسی هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەدا و پێشنیازی کرد، گرنگی بە ئامادەکاری بۆ لوتکەی دوو قۆڵی بدرێت. هەروەها ئوشاکۆڤ، کۆبوونەوەی دوو قۆڵی پشتڕاستکردەوە و گوتی، پێشنیاز دەکەین، پێش هەموو شتێک، گرنگی بە ئامادەکردنی کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ ترەمپ بدرێت و پێمان وایە گرنگە ئەم کۆبوونەوەیە سەرکەوتوو و بەرهەمدار بێت.