به‌ریتانیا: عێراق پێویستی به حه‌شدی شه‌عبی نه‌ماوه

به‌ریتانیا له باره‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌یاسای حه‌شدی شه‌عبی، پشتیوانی له هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، حه‌شدی شه‌عبی به له‌ناوچوون و كۆتاییهاتنی داعش، ئه‌ركه‌كه‌ی نه‌ماوه.
عیرفان سدیق، باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا جه‌ختی له هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی كردووه‌ته‌وه له ڕه‌تكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌یاسای حه‌شدی شه‌عبی و ڕایگه‌یاندووه، له‌م باره‌وه پشتگیری هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات.
عیرفان سدیق گوتوویه‌تی، حه‌شدی شه‌عبی له په‌رچه‌كرداری داعش دامه‌زرێنرا، به‌ڵام به نه‌مان و كۆتاییهاتنی داعش، حه‌شدیش ئه‌ركه‌كه‌ی كۆتایی هاتووه و عێراق پێویستی پێی نه‌ماوه.
باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، حكوومه‌تی عێراق خۆی داوای كۆتاییهێنانی ئه‌ركی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی كردووه به پاساوی ئه‌وه‌ی عێراق مه‌ترسی داعش و تیرۆری له‌سه‌ر نه‌ماوه، كه‌واته ئه‌مه ڕوونه ئه‌ركی حه‌شدی شه‌عبیش له‌م باره‌وه كۆتایی پێ هاتووه.
یه‌كشه‌ممه، 3ـی ئابی 2025، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بڵاوی كرده‌وه، ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەكه‌یان له‌گه‌ڵ موحسین مه‌نده‌لاوی، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق كۆبووه‌ته‌وه و تاوتوێی پرۆژه یاسای پێشنیازكراوی حه‌شدی شه‌عبییان كردووه.
باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق گوتبووی، ماركۆ ڕوبیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، په‌سندكردنی پرۆژه یاساكه، هه‌ژموونی ئێران له عێراق زیاتر ده‌كات و گرووپه چه‌كداره تیرۆریستییه‌كان به‌هێزتر ده‌كات، ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه له سه‌روه‌ریی عێراق ده‌كات.