وەزارەتی پەروەردە دوا وادەی تۆمارکردنی قوتابیانی لە قوتابخانە حکوومیەکان ڕاگەیاند

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری بەخێوکارانی قوتابیان دەکاتەوە کە 20ـی ئاب دوا وادەیە بۆ تۆمارکردنی منداڵان لە باخچە و قوتابخانە حکوومیەکان.
یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، وەزارەتی پەروەردە لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاشکرای کرد، ڕۆژی چوارشەممە، 20ـ8-2025، دوا وادەیە بۆ تۆماری منداڵان لە باخچە و قوتابخانە حکوومییەکان، ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمارکردن لە دوای ئەو وادەیە درێژ ناکرێتەوە، چونکە ناوەندەکانی خوێندن کار لە سەر ڕێکخستنەوەی میلاکی مامۆستایان و تۆمارکردنی قوتابیان لە سیستەمی ئی - پەروەردە دەکەن و هۆبەکانی خوێندن جیا دەکەنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، داوا لە بەخێوکاران دەکەین، تا ڕێککەوتی 20 ئاب، پێویستە منداڵەکانتان لە باخچە و قوتابخانە حکوومییەکان تۆمار بکەن.
باسی لەوەش کردووە، ئەو قوتابیانەی لەو ناوەندانەی خوێندن کە بەشێوازی تیروپشک کاردەکەن لە وەرگرتنی قوتابیان ناویان تۆمارکردووە، پاش ئەنجامدانی تیروپشک ئەگەر وەرنەگیران مافیان هەیە لە قوتابخانەی سنووری جوگرافی خۆیان قوتابیەکانیان تۆماربکەن، ئەگەر دوای ئەو وادەیەش بێت.