کۆمیسیۆن: ڕاگەیاندنی ژمارەی لیست و هاوپەیمانیی و کاندیدەکان بەمانای بانگەشەکردن نییە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئاشکراکردنی ژمارەی لیست و کاندیدەکان بە مانای ئەوە نییە بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێ بکرێت.

یەكشەممە، 10ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ڕاگەیاندنی ژمارەی هاوپەیمانی و لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان، بە مانای دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن نییە.

ئاماژەی بەوەش داوە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەیەوێت ڕوونی بکاتەوە، ڕێگە پێدراو نییە، لیست یان ژمارەی کاندید بۆ هەر جۆرە بانگەشەیەکی هەڵبژاردن بڵاوبکرێتەوە، تا ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن لیستی کۆتایی کاندیدەکان پەسەند نەکات و مۆڵەتی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن نەدا.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕاشیگەیاند، هەر کەس و لایەنێک سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەری دەگیرێتە بەر.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە، 9ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تیروپشکی بۆ ژمارەی لیست و هاوپەیمانییەتیی و لایەنەسیاسییەکان و کاندیدەکان کرد.
 
 ژمارەی پارتە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەم شێوەن:
 
پارتی دیموکراتی کوردستان: 275

 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 222

 یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 278

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 285

نەوەی نوێ: 288

رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی: 225

 بەرەی گەل 261

سۆسیال دیموکراتی کوردستان: 216
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ ئەنجام بدرێت. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment