بەنگلادیش.. تای خوێنبەربوون هەڕەشە لە تەندروستیی هاووڵاتیان دەکات

بەنگلادیش ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی تووشبوون و مردن بە تای خوێنبەربوون بووەتەوە و شارەزایانی بواری تەندروستی دەڵێن: ئەگەر ڕێکاری پەلە نەگیرێتە بەر، کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە ئاسان نەبێت.
دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە "بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تای خوێنبەربوون لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، بووەتە هۆی مردنی 101 کەس و تووشبوونی 24 هەزار و 183 کەسی دیکە؛ ئەمەش فشارێکی زۆری خستووەتە سەر سیستەمی تەندروستیی ئەو وڵاتە کە لە بنەڕەتدا توانایەکی سنوورداری هەیە."
هاوکات، لەگەڵ زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون، ڕێژەی مردنیش بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە. تەنیا لەم 10 ڕۆژەی سەرەتای مانگی ئابدا، 19 کەس مردوون، لە کاتێکدا لە مانگی تەممووزدا 41 کەس مردوون، واتە دوو بەرانبەری ژمارەی مردووانی مانگی حوزەیران کە 19 کەس بوون.
کابیروول بەشار، پسپۆڕی مێرووناسی لە زانکۆی جەهانگیرناگار، گوتی: دۆخەکە مەترسیدارە. ئێستا ڤایرۆسەکە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بڵاو بووەتەوە و ئەگەر هەنگاوی خێرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەگیرێتە بەر، لە ماوەیەکی کەمدا نەخۆشخانەکان پڕ دەبن لە نەخۆش.
بەشار، هەروەها گوتی: پێشبینی دەکرێت لەم مانگەدا لانیکەم، سێ هێندەی مانگی تەممووز حاڵەتی تووشبوون تۆمار بکرێت و ئەگەری هەیە ژمارەکە لە مانگی ئەیلوولدا بگاتە لوتکە.
بەرپرسانی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکەن کە دەرمانی مێشوولەکوژ بەکار بهێنن، لەژێر کولـلەپەردەدا بخەون و ئەو گۆماوانەی مێشوولەیان تێدا کۆ دەبێتەوە، وشک بکەن.
شارەزایان دەڵێن گۆڕانەکانی کەشوهەوا، لەگەڵ کەشی گەرم و شێدار و بارانی بەردەوام، ژینگەیەکی لەباری بۆ زاوزێی مێشوولەی "ئایدیس" (Aedes) ڕەخساندووە، کە هەڵگری ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونە.
داکا، پایتەختی بەنگەلادیش، هێشتا یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە. بەڵام ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە حاڵەتەکانی تووشبوون لە دەرەوەی پایتەختیش تۆمار دەکرێن، ئەمەش فشاری زیاتر لەسەر ناوەندە تەندروستییەکانی لادێکان دروست کردووە کە توانایەکی سنوورداریان بۆ چارەکردنی ئەو نەخۆشانە هەیە.
پزیشکە پسپۆڕەکان دەڵێن: وەرگرتنی چارەی پزیشکیی خێرا زۆر گرنگە، هاووڵاتیان لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک سکئێشەی توند، ڕشانەوە، خوێنبەربوون یان ماندوێتیی زۆر، پێویستە دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانە بکەن.
ساڵی 2023 ، لە بەنگەلادیش بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە هەزار و 705 کەس مردن و زیاتر لە 321 هەزار کەسیش تووشی نەخۆشییەکە بوون.