هەنجیری ئاکرێ بە قەبارە و تامە خۆشەکەی، سەرنجی گەشتیارانی ڕاکێشاوە
لەگەڵ هاتنی وەرزی پێگەیشتنی هەنجیر، بازاڕی ئاکرێ جمەی دێت لە کڕیار و گەشتیاران، کە بەتایبەتی بۆ کڕینی هەنجیری بەناوبانگی ئەو ناوچەیە ڕووی تێدەکەن.
ئەمساڵ خواستی کڕیاران و گەشتیاران لەسەر هەنجیری ئاکرێ زیادی کردووە، ئەمەش وایکردووە کە بازاڕی فرۆشتنی ئەم بەرهەمە خۆماڵییە گەرمتر بێت.
لەزگین حوسێن، یەکێک لە فرۆشیارە دێرینەکانی بازاڕی ئاکرێ کە ماوەی 35 ساڵە سەرقاڵی ئەم کارەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە بازاڕەکەیان بازاڕێکی کۆن و مێژووییە و ساڵانە بەرهەمی وەک هەنجیر، هەنار، ترێ و بەرهەمی دیکەی خۆماڵی تێدا دەفرۆشرێت. ئەو دەڵێت: "گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە ئاکرێ دەکەن و تەنانەت بەرهەمەکانمان هەناردەی دەرەوەی وڵاتیش دەکەین، وەک ئەورووپا و شارەکانی عێراق."
گەشتیارانیش کە سەردانی ئاکرێ دەکەن، بازاڑی مێژوویی شارەکە بەسەر دەکەنەوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە تامی هەنجیری ئاکرێ بکەن و وەک دیارییەک بۆ کەسوکار و ئازیزانیان بیبەنەوە.
حەمید خزر، یەکێک لە گەشتیاران، ئاماژە بەوە دەدات: "ئێمە لە ناوچەی سۆرانەوە هاتووین، کاتێک دێینە ئاکرێ، سەردانی ئەم بازاڕە دەکەین کە بازاڕێکی بەناوبانگ و کۆنە و هەنجیرێکی باشی هەیە."
گەشتیارێکی دیکەش بە ناوی مەسعود محەممەد کە لە کۆیەوە هاتووە، باس لەوە دەکات " ئاکرێ شوێنێکی گەشتیاری خۆش و فێنکە و هەنجیرەکەشی زۆر بەناوبانگە."
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاندنی ئاکرێ، لە سنووری قەزاکەدا 270 هەزار بنەداری هەنجیر هەن و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمەکەیان بگاتە سەرووی حەوت هەزار تۆن. نرخی هەر کیلۆیەک هەنجیریش لە بازاڕەکاندا لە نێوان سێ هەزار بۆ حەوت هەزار دیناری عێراقیدایە.
هەنجیری ئاکرێ بە ڕەنگ و قەبارە و تامە خۆشەکەی، سەرنجی گەشتیارانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی هەر گەشتیارێک کە سەردانی ئاکرێ دەکات، حەز بکات بێتە ناو بازاڕی شارەکە و لە نزیکەوە تامی هەنجیری ئاکرێ بکات و لەگەڵ خۆی بیباتەوە بۆ کەسوکاری.