میسر بۆ بەڕێوەبەردنی ئاسایشی غەززە، مەشق بە هەزاران پۆلیسی فەڵەستینی دەکات

وەزیری دەرەوەی میسر ڕایگەیاند، دەستیانکردووە بە مەشقپێکردنی پێنج هەزار پۆلیسی فەڵەستینی بۆ جێگیرکردن و بڵاوکردنەوەیان لە غەززە و پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان.

بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی ناوخۆیی میسر گوتی: "بەهاوکاری ئوردن، کارمەندانی پۆلیسی فەڵەستینی لە سەربازگەکانی میسردا مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکرێت، ئەمەش بۆ جێگیرکرن و بڵاوکردنەوەیانە لە غەززە بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو کەرتە هەیە."

بەدر عەبدولعاتی، ڕوونیشیکرده، "جێگیرکردنی ئەو پۆلیسانە لە کەرتی غەززە، بەسەرپەرشتی سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین دەبێت و بۆ ئاودەانکردنەوەی کەرتەکەیە، ئەمەش دوای ڕێککه وتنی ئاگربه ست له کۆنفرانسی نێودەوڵەتی قاهیرە دێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە. 

ئاماژەی بەوەش کرد، "دەسەڵاتی فەڵەستین لەڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە کەرتی غەززە بەڕێوەدەبات، ئەمەش بە ئامانجی یەکخستنی خاکی فەڵەستینە.

وەزیری دەرەوەی میسر ئاماژەی بەوەش دا، دەسەڵاتی فەڵەستین توانای بەڕێوەبەردنی غەززەی هەیە، هەروەها لە کۆنفرانسەکەی قاهیرە بریار لەسەر ڕێکخستنەوەی پۆلیس، پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی غەززە درا.

گوتیشی: "سیاسەتی ئێستای ئیسرائیل لەسەر بنەمای سەپاندنی هەژموون و خۆبەزلزانین دامەزراوە، هەروەها ئامانجی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە، ڕێگە خۆشکردنە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی کەرتەکە."

جەختیشی کردەوە، "حکوومەتی میسر زۆر دڵنیایە کە ئەم کارانەی ئیسرائیل ناتوانن ئاسایش و سەقامگیری بۆ تەلئەڤیڤ دەستەبەر بکات."

بەدر عەبدولعاتی باسی لەوەش کرد، میسر هەڵوێستی خۆی دووپات دەکاتەوە کە ئاسایشی ئیسرائیل تەنیا لە ڕێگەی دانپێدانان بە مافە ڕەواکانی گەلی فەلەستین بەدەست دێت، ئەویش دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵستینییە.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment