ئەورووپا لە سزادانی ئێران نزیک دەبێتەوە
کۆتایی وادەکەی وڵاتانی ئەورووپی بۆ ئێران نزیک دەبێتەوە

کۆتایی ئەم مانگە وەک دوا وادە بۆ ئێران دانراوە تا بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانە ئەتۆمییەکان، لەکاتێکدا سێ وڵاتی سەرەکی ئەورووپا هۆشداری دەدەن لە سەپاندنی سزای زیاتر ئەگەر تاران، پابەند نەبێت.
بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، کە بە گرووپی (E3) ناسراون، فشاریان لەسەر ئێران زیاد کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیەوە. ئەم وڵاتانە هۆشدارییان داوە کە ئەگەر تا کۆتایی ئەم مانگە هیچ ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماسی نەدۆزرێتەوە، ئەوا ئامادەن سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنن. ئەم هەڵوێستە کاردانەوەی جیاوازی لەنێو هاووڵاتییانی ئێرانیدا لێکەوتووەتەوە.
دانیشتوویەکی تاران دەڵێت: "من کە گەنجێکی تەمەن 26 ساڵانم، لەگەڵ ئەم نیگەرانییانە گەورە بووم. واتە لەگەڵ ئەم بارودۆخە ڕاهاتووین. پێموانییە سزاکان چیتر کاریگەرییەکی ئەوتۆیان هەبێت، چونکە فشار و دڵەڕاوکێ بەشێک بووە لە ژیانمان. لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارم بارودۆخەکە باشتر ببێت، چونکە زیان بە داهاتووی زۆر کەس دەگەیەنێت."
سستبوونەوەی گفتوگۆکان و میکانیزمی سناپباک
گفتوگۆکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا دوای گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە مانگی 23 حوزەیرانی 2025 تووشی سستی بوون. هاوکات، تاران هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) کەم کردووەتەوە.
سێ وڵاتە ئەوروپییەکە دوا دەرفەت دەدەنە ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم. ئەگەر چارەسەرێکی دیپلۆماسی تا کۆتایی ئەم مانگە بەدەست نەیەت، "میکانیزمی سناپباک" وەک بژاردەیەک لەبەردەم وڵاتانی ئەوروپادا دەبێت. میکانیزمی سناپباک ڕێگە دەدات بە گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو سزایانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەپێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 هەڵپەسێردرابوون.
لەم بارەیەوە، دانیشتوویەکی دیکەی تاران نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت: "بێگومان دۆخەکە خراپتر دەبێت. هەرچەندە هەندێک بانگەشەی ئەوە دەکەن سزاکان هیچ کاریگەرییەکیان نییە، بەڵام لە ڕاستیدا کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەمان هەیە. ئەگەر سزای زیاتر بسەپێنرێت، بارودۆخەکە خراپتر دەبێت."
هەڵوێستی ئێران
پێش ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015، وڵاتانی ڕۆژئاوا ژمارەیەک سزای قورسیان بەسەر ئێراندا سەپاندبوو، بەڵام دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، بەشێک لەو سزایانە هەڵگیران. لە ساڵی 2018، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا، وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنەکە کشاندەوە.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چاوەکان لەسەر هەڵوێستی حکوومەتی نوێن. پزیشکیان ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی "لەژێر هیچ بارودۆخێکدا" بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕاناگرێت، بەڵام ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و بنیاتنانی متمانە نیشانداوە. لەم چوارچێوەیەدا، چەندین خولی دانوستان لە مانگەکانی ئایار و تەمموزی 2025 لە ئیستانبوڵ لەنێوان ئێران و سێ وڵاتە ئەوروپییەکە بەڕێوەچووە.