ساڵانە زیاتر لە 200 هەزار نەمام لە هەولێر بەرهەم دەهێنرێت

نەمامگە حکوومییەکانی شاری هەولێر ساڵانە زیاتر لە 200 هەزار نەمام و گوڵ بەرهەم دەهێنن، کە سەدا 90ـی بەرهەمەکان خۆماڵین و بۆ جوانکردنی سیما و پاککردنەوە و سەوزکردنی ژینگەی شار بەکاردەهێنرێن.

لە شاری هەولێر سێ نەمامگەی حکوومی هەن کە 25 کرێکار و باخەوان کاریان تێدا دەکەن. ئەم نەمامگانە ڕۆڵێکی گرنگیان لە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکەدا هەیە، کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا سەدا 17ـەوە بۆ سەدا 20 بەرزبووەتەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی، لەوانەش دروستکردنی پارک و سەوزکردنی شەقام و شوێنە گشتییەکان.

لاڤە کەمال، بەڕێوەبەری نەمامگەی نموونەیی هەولێر، باس لەوە دەکات، زۆربەی بەرهەمەکانیان خۆماڵین و پشت بە تۆو و قەڵەمی خۆماڵی دەبەستن. ئەمەش بووەتە هۆی کەمکردنەوەی خەرجییەکان، چونکە هاوردەکردنی نەمام و گوڵ لە دەرەوە تێچوویەکی زۆری هەیە.

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، نەمامگە حکومییەکانی هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک نەمام و گوڵیان بەرهەم هێناوە و زیاتر لە نیو ملیۆنیان لە باخچە و پارک و شەقامەکانی شاردا چاندووە. ئەم هەنگاوە جگە لەوەی سیمایەکی جوانتری بە شارەکە بەخشیوە، هاوکات یارمەتیدەر بووە بۆ پاککردنەوەی ژینگە و کەمکردنەوەی پلەکانی گەرما، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا.

بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، پێویستە ڕێژەی سەوزایی لە هەر شارێکدا سەدا 30 بێت، لە هەولێریش، هەوڵەکان بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی بەردەوامن و پلانی داهاتوو بریتییە لە چاندنی ژمارەیەکی زیاتری دار و درەخت لە سەرجەم گەڕەک و شەقامەکانی هەولێردا.

 
Fly Erbil Advertisment