بەهۆی وشکەساڵییەوە دەیان دۆنم ڕەز و باخ لە ئاکرێ و بەردەڕەش وشکبوون

ئەمساڵ لە سنووری هەر دوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش، نزیکەی 200 بیری ئیرتیوازی لەگەڵ 700 کانی بە تەواوی وشک بوون. ئەمەش جووتیارانی ئەم ناوچانە زۆر دڵگران کردووە، چونکە تا ئێستا دوو هەزار و 300 دۆنم لە ڕەز و باخ و زەوییە چێنراوەکانی جووتیاران لەم دەڤەرە وشک بوون و لەناوچوون.
پاش 10 ساڵ لە خزمەتکردن و ئاودانی ڕەزەکەی جوبرائیل محەممەد بەهۆی وشکەساڵییەوە بە تەواوی وشک بووە، لەو بارەوە بە کوردستان 24ی گوت: باخەکەم وشکەساڵی لێی داوە، ساڵانی پێشتر بارانی زۆر دەباری، بەڵام ئەمساڵ باران وەکوو پێویست نەباریوە و وشکەساڵی کاریگەری زۆری لە ڕەزەکانمان کرد.
وشکەساڵی ئەمساڵ جووتیارەکانی زۆر دڵگران کردووە و کاریگەری زۆری لەسەر باخەکان کردووە، هاوکات لەگەڵ لەناوچوونی ڕەز و باخەکانیان، ئەوانیش بێکار و بێ بەرهەم دەمێننەوە.
هەر لەو بارەوە، سوفیان سیروان جووتیارێکی دیکەی ناوچەکە ئاماژەی دا، بە شێوەیەکی گشتی وشکەساڵیی ئەمساڵ وەک هیچ ساڵێکی تر نەبووە، ڕەز و باخەکانمان هەمووی بە جارێک وشک بووە. ئەو جۆگانەی پێشتر ئاویان تێیدا بوو، ئێستا ئەوانیش بێ ئاو بوونە.
سامی محەممەد، بەڕێوەبەری هۆبەی ئاوی ژێرزەوی لە ئاکرێ گوتی: ناوچەی سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش، بە شێوەیەکی گشتی کشتوکاڵەکەیان پشت بە بیری ئیرتیوازی دەبەستێت، سەرەڕای وشکبوونی بیرەکان ئەمساڵ، کانییەکانی ناوچەکەش وشک بوونە، بۆیە ناچارین بیری زیاتر لێبدەین.
لە سنووری هەر دوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش، لە کۆی هەزار و 155کانی، 700 کانی بە تەواوی وشک بوون. هەروەها لە کۆی دوو هەزار و 500 بیری ئیرتیوازی، نزیکەی 200 بیریان وشک بوون. هاوکات 32 بەنداوی بچووک و مامناوەندی دیکەش وشکبوونە، ئەمەش زیانێکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ گەیاندووە.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی، بەهۆی کەمبارانی و سەرهەڵدانی وشکەساڵی، ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە سنووری هەر دوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش بە نزیکەی 40 مەتر دابەزیوە، ئەمەش وای کردووە، ئاوی سەر زەویش نەمێنێت و بە دەیان دۆنم ڕەز و باخ وشک ببن و لە نێو بچێن.