پرۆژەی ڕووناکی کاریگەریی گەورەی لەسەر کەرتی پەروەردە و کواڵێتی خوێندن هەیە

وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، ئەو سێ پرۆژە گەورەیەی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی جێبەجێ کردووە، گەورەترین کاریگەریی لەسەر کەرتی پەروەردە و کواڵێتی خوێندن هەیە.
یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا 120 قوتابخانە کراوەتە وزەی خۆر، ڕەزامەندی پێنج ملیار دیناری دیکە هەیە، بەڵام ئێستا گرفتی خەرج کردنی سیولە هەیە.
ئالان حەمە سەعید گوتیشی: پرۆژەی ڕووناکی جگە لەوەی نزیکەی دوو ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی لێی سوودمەند بوون، گەورەترین کاریگەرییشی لەسەر کەرتی پەروەردە و کواڵێتی خوێندن هەیە، بۆ نموونە، ئەگەر بمانەوێت سمارت بۆردێک لە قوتابخانە دابنێین کە پێشتر لەبەر کارەبا نەمان دەتوانتی دایبنێن، ئێستا دەتوانین ئەو کارە بکەین چونکە کارەبا 24 کاتژمێرییە،، بۆیە مامۆستایان ئێستا دەتوانێت بەهۆی پرۆژەی ڕووناکی، کار بە داتاشۆ و سمارت بۆرد بکەن کە پێشتر نەیان دەتوانی.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش دا، زۆرجار ئەو قوتابخانانەی دوو دەوامیان هەبوو لە سەرەتای وەرزی زستان وانەی پێنجەم و شەشەمیان نەدەخوێند، بەتایبەتی ئەو قوتابخانانەی دیزاینیان کۆن بوو، ژوورەکە بە جۆرێک تاریک ئەبوو، دەبوایە مامۆستا ڕووناکی مۆبایلەکەی هەڵبکردایە، بەڵام ئێستا بە تەواوبوونی پرۆژەی ڕووناکی گەورەترین سوودمەند ناوەندەکانی خوێندنن.
ئاماژەی بەوەش دا، لە پارێزگای هەولێر دەستڕاگەیشتنی قوتابیان بە ئاوی خاوێن کەم بوو، بەڵام لەگەڵ جێبەجێکردن و تەواوبوونی پرۆژەی گەیاندنی ئاوی خێرای هەولێر، ئەمساڵ قوتابخانەکان دۆخێکی زۆر باشیان دەبێت، بۆیە ئەو پرۆژە گەورانەی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی کردوویەتی، کاریگەریی گەورەی لەسەر کەرتی پەروەردە دەبێت.
هەروەها باسی لە پرۆژەی هەژماری من کرد و گوتی: یەکێکە لە پرۆژە هەرە گەورەکانە، پێشتر دەبوو بەرێوەبەرێکی قوتابخانە خۆی و دووکەسی دیکە سەردانی بانکیان کردبووایە، پارەی مووچەیان لەگونیەک بهێنابووایە، ئەگەر پارەکەش کەم بووایە گرفتیان بۆ دروست دەبوو، بەڵام ئێستا ئەو مامۆستایە خاوەنی هەژماری خۆیەتیی و خۆی مووچەکە وەردەگرێت.
لەبارەی مووچە، ئالان حەمە سەعید، ڕایگەیاند، لەدوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پرسی نەوت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، کۆتایی پێهێنراوە و هەموو وەزیرەکان دەنگیان پێداوە، کە بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە 50 هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ دەبێت، ئەوەی دیکە چەندی بەرهەم بهێنرێت بە کۆمپانیای سۆمۆ دەدرێت.
دەشڵێت: لەبارەی داهاتی فیدراڵیش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆئەوەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران دابین بکرێت.