کییەر ستارمەر لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییەکان و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە

بارەگای سەرۆکایەتیی وەزیرانی بەریتانیا، ڕایگەیاندووە، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، کییەر ستارمەر، لەگەڵ سەرۆک زێلێنسکی و سەرکردە ئەوروپییەکان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک ترەمپ، لە کۆشکی سپی ئامادە بێت.
یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، ڕۆژنامەی گاردیان لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، بارەگای سەرۆکایەتیی وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاندووە" سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، دووشەممە لە کۆشکی سپی، بەشداری کۆبوونەوەیەک دەکات لە نێوان سەرکردە ئەورووپییەکان و ڤۆلۆدێمیر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا."
کییەر ستارمەر، ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک ترەمپی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە کە ڕێگایەک بۆ ئاشتی بەبێ سەرۆک زێلێنسکی بڕیاری لێ نادرێت.
لەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیارە سبیەنێ، دووشەممە، لە کۆشکی سپی بەڕێوە بچێت، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییەکانی دیکەدا، ئامادە دەبێت بۆ پشتیوانی لە گفتوگۆکانی ئاشتی.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی بارەگای سەرۆکایەتیی وەزیرانی بەریتانیا، ستارمەر، لەو کۆبوونەوەدا دووپاتی دەکاتەوە کە پشتیوانییەکانی بەریتانیا بۆ ئۆکرانیا تا هەر ئەو کاتەی پێویست بکات، بەردەوام دەبێت.
هەینی 15ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی ئاشتی و ئاگربەستی ڕێککەوتنی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکە لە ویلایەتی ئالاسکا کۆبوونەوە.
دوای کۆتایی هاتنی لوتکەی ئالاسکا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا گوتی: گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆک ترەمپ لە کەشێکی بنیاتنەر و ئەرێنیدا بەڕێوەچوون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا گوتی: لەگەڵ پوتن سەبارەت بە پرسگەلێک لەوانە ناتۆ و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و پرسی خاک گفتوگۆم کرد؛ پێموایە زۆر نزیک بووینەتەوە لە ڕێککەوتن.