بەهۆی کەمی کارەباوە لە تاران و 15 پارێزگای دیکەی ئێران پشووە

بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زۆر بەکارهێنانی وزەی کارەبا، حکوومەتی ئێران بڕیاری دا، شەممەی داهاتوو لە تاران و 15 پارێزگای دیکە بکاتە پشووی فەرمی.

سێشەممە 19ـی ئابی 2025، بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی میهر، وەزارەتی وزە ڕایگەیاندووە "بە مەبەستی کەمتر بەکارهێنانی وزەی کارەبا و ڕێگریی لە کوژانەوەی سەرتاسەریی کارەبا، بڕیار درا، ڕۆژی شەممەی داهاتوو، 23ـی ئاب لە تاران و 15 پارێزگای دیکە، بکرێتە پشوو."

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی وزە و گرووپی کاری ڕێکخستنەوەی وزەی ئێران، ئەو پارێزگایانەی ڕۆژی شەممەی داهاتوو پشوویان ڕاگەیاندووە بریتین لە، تاران، ئیسفەهان، تەورێز، خوراسانی باکوور، خوراسانی ڕەزەوی، خوراسانی باشوور، خوزستان، سمنان، قوم، کرمان، کرماشان، لوڕستان، مازندەران، مەرکەزی و یەزد.

ئەمساڵ، قەیرانی کەمیی کارەبا و ئاو، لە سەرانسەری ئێراندا سەریان هەڵداوە و حکوومەتی ئەو وڵاتەی ناچار کردووە، ڕۆژانە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک کارەبای شارەکان بپچڕێنێت. ئەمەش کێشەی زۆری بۆ دانیشتووان دروست کردووە، بە تایبەتی ئەوانەی لە ناوچە گەرمەکانی ئێراندا دەژین، وەک پارێزگاکانی باشوور  و ناوەڕاست.

 
 
Fly Erbil Advertisment