ئەمساڵ زیاتر لە هەزار ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر تۆمار کراون؛ دەیان هاووڵاتیش ڕزگار کراون

بەپێی ئامارەکانی بەرگری شارستانی هەولێر، لە ماوەی حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 1091 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون. تیمەکانی بەرگری شارستانیش لەو ماوەیەدا 49 هاوڵاتییان لە مەترسی ڕزگار کردووە.

ڕۆژانە لە نێوان 150 بۆ 200 پەیوەندی بە ژووری 125ی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە دەکرێت کە ژوورێکی تایبەتە بە حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە؛ وەکوو خۆیان دەڵێن، هەندێکجار بۆ یەک ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە، 50 پەیوەندییان پێوە دەکرێت. 

دوای وەرگرتنی پەیوەندی لە هاووڵاتییان، نزیکترین بنکە ئاگادار دەکرێتەوە بۆ گەیشتن بە شوێنی ڕووداوەکە و کوژاندنەوەی ئاگرەکە یان ڕزگارکردنی هاووڵاتییان.

هێمن عەلی، بەرپرسی بەشی جووڵانەوە لە بەرگریی شارستانی هەولێر، بە ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "داوا لە هاوڵاتییان دەکەین لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی پەیوەست بە بەرگری شارستانی، بە زووترین کات پەیوەندیمان پێوە بکەن لە ڕێگەی ژمارە 125." ناوبراو جەختیشی کردەوە، گەیشتنی خێرای تیمەکان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی زیانەکان.

هەر کاتێک زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدرێت، تیمەکانی بەرگری شارستانی لە ماوەی یەک خولەکدا خۆیان ئامادە دەکەن و بەرەو شوێنی مەبەست بەڕێدەکەون. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و ڕزگارکردن پێکەوە کاردەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاگر.

شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی دابینکردنی کەلوپەل و ئۆتۆمبێلی پێویست، ئێستا دەتوانن بە خێراترین شێوە کۆنترۆڵی ئاگرەکان بکەن. هەروەها گوتیشی: "گەیشتنی خێرای تیمەکانمان بۆ شوێنی ڕووداو، بێگومان وادەکات قەبارەی ئاگرەکە و زیانەکان کەمتر بێتەوە."

بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی 7 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 1091 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر ڕوویانداوە. لەناو ئەو ڕووداوانەشدا، 49 هاوڵاتی لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە ڕزگارکراون.

 
 
Fly Erbil Advertisment