سامان بەرزنجی: کارکردن لە نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجە بەردەوامە

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: تەواوبوونی نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجە دەبێتە گەورەترین خزمەت بە هاوڵاتییان و تووشبووانی ئەو نەخۆشییە، هەروەها کارکردن تێیدا بەردەوامە.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کارکردن لە گەورەترین نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامە و باڵەخانەی تەواو بووە.
وەزیری تەندروستیی ئاماژەی بەوە کرد، بە تەواوبوونی ئهو نهخۆشخانهیه، خزمەتێکی گەورەی نەخۆشانی شێرپەنجە دەکات، بەتایبەتی لە هەبوونی ئامێر و پێداویستی پێشکەوتووی پزیشکی و تاقیگەی تایبەت لەگەڵ هەبوونی چەندین خزمەتگوزاری دیکە، هەروەها چارەسەریی تیشك، چاندنی مۆخی ئێسك و چەندین تەكنەلۆجیای دیكە لەخۆ دەگرێت.
سامان بەرزنجی جەختی لەوە کردەوە، کارەکانی نەخۆشخانەکە بەخێرایی بەڕێوە دەچن و دەیانەوێت زووتر لە وادەی خۆی بخرێتە خزمەت هاووڵاتییان.
نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجە لە هەولێر، لە 150 تەختی خەواندن و 100 تەختی چارەسەریی کیمیایی پێک دێت و لەسەر ڕووبەری 30 هەزار مەتر چوارگۆشە دروست دەكرێت و لە پێنج نهۆم پێك دێت.
ڕۆژی چوارشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە شاری هەولێر دانا.